شاسوار عەبدولواحید "هەلیكار" بۆ توێژێك رادەگەیەنێت


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت،  تیمی جوڵانەوەكەی لە شاری هەولێر راسپاردوە، هەلیكار بۆ سەرجەم ئەو كەسانە دابین بكەن كە دەست بەسەر ماتۆڕسكیلەكانیاندا گیراوە و نانیان بڕدراوە.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، "ئەو خاوەن ماتۆڕانەی پارتی لە هەولێر نانیان دەبرێت، ئێمە هەلی كاریان دەدەینێ و سبەی با سەردانی برادەرانی نەوەی نوێ بكەن لە هەولێر و رامسپاردون كە ئیشیان بۆ بدۆزنەوە و كاری دیكە و پێویستیان بۆ دابین بكەن".

شاسوار عەبدولواحید ئاماژەی بەوەكردووە "مەعقول نییە ئەم كابینەیە 22 ملیار دۆلاری خەڵكی بردوە و بەهەدەری داوە، خەمی ئەوەی نییە بەڵام خەمی كێشەی ماتۆڕیەتی، لەهەمو دونیا هەر حكومەتێكی خاوەن ئەخلاق و بەرنامە پێش ئەوەی بیر لە رێوشوینی یاسایی بكاتەوە، ئەوا بیر لە هەلیكاری بەدیل دەكاتەوە، بەڵام ئەمان دیارە خاوەنی هیچ كام لەو دو بەهایە نین".

هەروەها دەڵێت "ئەم حكومەتە تەماحی كردۆتە هەمو داهاتێكی خەڵك و بە خواردنی ئەو هەمو داهاتەی نەوت رازی نابێت، بۆیە پشت بە خوای گەورە و ئێوە، لەم هەڵبژاردنەی داهاتو نەوتەكەشیان لە ژێر دەست نامێنێت و ئەم هەمو زوڵم و ناحەقییەی ئەم كابینەیە دەرحەق بە خەڵك دەیژات، كۆتایی دێت".



PM:08:47:12/09/2022