وەزارەتی دارایی هەرێم دەوامی چەند کەسێکی پێکەوە قەدەغە کرد

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم لە نوێترین بڕیاریدا کارکردنی فەرمانبەری لەگەڵ کەسانی پلە یەکی خۆی لە یەک فەرمانگە قەدەغە کرد.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم، کە واژۆی ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە و ئاڕاستەی گشت بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەو وەزارەتە کراوە تێیدا ئاماژە بەوەکراوە" نابێت فەرمانبەر لەگەڵ کەسی پلە یەکی خۆی وەک (هاوسەر، دایک، باوک، خوشک، برا، کوڕ، کچ) لە یەک فەرمانگەدا کار بکەن".

ئەوەش هاتووە" ئەم بڕیارە فەرمانبەرانی خزمەتگوزاری وەک (پاسەوان، باخەوان، چایچی، شۆفێر، پاککەرەوە، پۆستبەر) ناگرێتەوە".

لە نووسراوەکەدا دارایی هەرێم داواش لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەکات، کە لیژنەیەک پێکبهێنن بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی گشتاندنەکەوە و پێش کۆتایی ساڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ئەنجام ئاگاداربکەنەوە. 


PM:12:58:17/09/2022