بە تۆمەتی "دەستدرێژی سێکسی بۆسەر کچێک" حەمکۆ بە ساڵێک زیندانى سزادەدرێت

ئەکتەری بواری کۆمیدی حەمکۆ، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک، سزای یەک ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا. 

بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ دادگای هەولێر بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک، بڕیاری ساڵێک زیندانی بۆ ئەکتەری بواری کۆمیدیا، حەمکۆ دەرکرد. 

لە ماوەی ڕابردوودا، کەسێک سکاڵای لەسەر حەمکۆ تۆمارکرد و وتی" دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەرم". بەڵام دوای دوو هەفتە لە دەستگیرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا، ئەمڕۆش دادگای هەولێر تۆمەتەكەی سەلماند و بەپێی بڕگەی یەك لە ماددەی (٣٩٦)ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای ساڵێک زیندانیكردنی بەسەر ناوبراودا سەپاند.

حەمکۆ یەکێکە لە ئەکتەرە کۆمیدییەکان و بەشداری چەندین فیلم و دراما و ڕیکلامی کردووە و سێ جار هاوسەرگیری کردووە، کە هاوسەری دووەمی خانمێکی بەرازیلی بوو بە ناوی (رۆبێرتا رۆچ).  


PM:02:19:19/09/2022