لە سلێمانی حەوت رێستۆرانت داخران


بەرپرسێكی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و  رێنماییەكان، حەوت رێستۆرانت داخراون. 
 
رێكان جەمال، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاندووە "بەهۆی پابەندنەبوون به ‌مەرجە‌كانی تەندروستی و ڤێتێرنەری و رێنماییەكانی دیكەی كاركردن، درەنگانی شەوی رابردوو لە سلێمانی حەوت ریستۆرانت داخران". 
 
هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی قایمقامیەتی سلێمانی ناوی بڵاوكردۆتەوە كە بریتین لە (دلین، نارین، دهۆك، بەغداد، كەرنەڤاڵ، هەنولە و دلڤین) و ئەو رێستۆرانتانە دەكەوێتە ‌گەڕەكی سەرچنار لە سلێمانی. 
 
سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان روونیكردۆتەوە "خاوەنی هەر حەوت رێستۆرانتەكان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، چونكە سەرەتا ئاگاداردەكرێنەوە، دواتر دووبارە بووەوە بە پێبژاردن سزا دەدرێن، هەنگاوی سێیەم بەڵێننامەیان پێ پڕدەكرێتەوە و لە قۆناغی چوارەم دووبارەیانكردەوە دەدرێنە دادگا، ئەوانیش بەڵێننامەیان پڕ كردۆتەوە، كە پابەندی مەرج و رێنماییەكانی قایمقامیەت بن، بەڵام پابەند نەبوون". 
 



PM:03:55:20/09/2022