ناوەرۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمریکا بڵاوکرایەوە

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی پێشوازی له‌ سێلیست واڵەندەر، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی سرۆکی حکومەتی هەرێم، بەیانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ مەسرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی بە سەرۆکایەتی سێلیست واڵەندەر یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا و ئەو یادداشتی لە یەکتێگەیشینە کرا کە ئەمڕۆ لە نێوان ھەردوولادا تایبەت بە  بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و ھەماھەنگی سەربازی و ئەمنی واژوو دەکرێت.

لە بڵاوکراوەکەدا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، مه‌سرور بارزانی سوپاسی پشتیوانی ئەمەریکای کرد بۆ ھێزی پێشمەرگە، بە تایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش، خواستی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ برەودان بە پەیوەندی ھەمەلایەنە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دووپات کردەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون، کە ئەلینا رۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ئیرڤین هیکس کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێم ئامادەی بوون.


PM:12:02:21/09/2022