هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی خۆپیشاندانی سلێمانیان سەرکوتکرد
کەلوپەلی رۆژنامەوانی لەچەندان رۆژنامەنووس سەندرا

وا بڕیاربوو کاتژمێر ٤ ی پاشنیوەڕۆ لە سلێمانی بۆ پاڵپشتی لەگەلانی ئێران و لە ژێر دروشمی ژن، ژیان ئازادیدا گردبوونەوەیەک لە شەقامی سالم سازبکرێت، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ساتی یەکەمی خۆپیشاندانەکە هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسک رێژ و لێدان کەوتنە گیان چالاکوانان و خۆپیشاندانەکەیان سەرکوتکرد، هەروەها چەندان کامێرا و ئامێری رۆژنامەوانییان لە رۆژنامەنووسان سەند، لەنێوانیاندا پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا و کەناڵی NRT و کوردستان ٢٤ و چەند کەناڵێکی تر سەند.

بەهۆی گازی فرمێسک ڕێژ و فشاری ئەو هێزە ئەمنییەی لەو شەقامە بڵاوی پێکرابوو، چالاکوانان و رۆژنامەنووسان لە شوێنی گردبوونەوەکە دوورکەوتننەوەو خۆیان کرد بە کۆڵان دوکان و کافێکانی ناوچەکەدا.

لە ساتی گردبوونەوەکەو دوای بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکەش هەر کەسێک کامێرا یان مۆبایلی دەربهێنایە بە شێوازێکی ناشرین پەلاماریان دەداو یان ئامێرەکانیان لێدەسەند، یان دەستگیریان دەکردن، لە نێویاندا کامێرا لە ستافی کوردستان ٢٤ و کەناڵی NRT و پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس، شوان محەمەد کە سەرنوسەری ماڵپەڕ و گۆڤاری سپی میدیاو چەند دەزگایی میدیای تر، سەندرا.

لە ئێستادا ناو بەناو چالاکوانەکان لە کۆڵانەکانی گەڕەکی عەقاریدا کۆدەبنەوە و هێزە ئەمنییەکانیش هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دەدەن. 



PM:04:58:28/09/2022