" ئەگەر هەیە بەرهەم ساڵح ببێتەوە بە سەرۆکی عێراق "

مشتومڕی نێو سەرکردایەتی یەکێتی و نێوان ئەو حیزبە و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەردەوامە و، بەلآم ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن کە ئەو پرسە لە دەستی پارتی و یەکێتی دا نەماوەو، کەوتۆتە دەست وڵاتانی هەرێمایەتی و بەتایبەتی " ئێران ".

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتوون لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی واژوویان لەسەر ئەوە کردووە کە بەرهەم ساڵح لە کاندیدی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بکشێننەوە، بەڵام هەر زوو کۆماری ئیسلامی ئێران دێنە سەر هێڵ و جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە بەرهەم ساڵح بمێنێتەوە.

" سپی " زانیوویەتی حکومەتی ئیماراتی عەرەبیش داکۆکی لە بەرهەم ساڵح دەکات و لەگەڵ مانەوەیدان، هەروەها تورکیاش دژی مانەوەی بەرهەم ساڵح نین لە پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئەوە لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرهەم ساڵح بەسەردانێکی نافەرمی چۆتە ئیماراتی عەرەبی.

هەرچەندە بەم دواییانە بەتایبەتی دوای گەرمکردنەوەی پەیوەندی نێوان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی لەلایەن د. فواد حسێن ەوە دەنگوباسەکان بەو شێوەیە بوون کە یەکێتی دەستبەرداری بەرهەم ساڵح دەبێت، بەرامبەر ژمارەیەک ئیمتیازاتی پۆست و چاککردنی دۆخی دارایی سلێمانی و یەکخستنی هەڵوێستیان لەمەڕ هەڵبژاردن، بەلآم راستی پرسەکە بەو شێوەیە نییە و، ئێرانییەکان بە پلەی یەکەم و ئەو دوو وڵاتەی تریش ( ئیمارات و تورکیا، پشتگری ناوبراو دەکەن و ئەگەر زۆرە ئەمجارەش ببێتە بە سەرۆک کۆمار.  




PM:08:38:30/09/2022