وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت "رابەری بزووتنەوە شەرعییە و بۆ پاراستنی شكۆ، مەركەزیەتی و مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرێتەبەر".
عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا "چەند كەسێك كە نەیانتوانیوە متمانەی كۆنگرەی 12 بەدەستبێنن و بە دەستلەملانێ لەگەڵ كەسانێك لە مێژووی بزووتنەوەی ئیسلامی هەمیشە سەرقاڵی دووبەرەكی بوونە لەناو ریزەكانی بزووتنەوەدا، جارێكی دیكە هەوڵی لێكترازان و دووبەرەكیان دایەوە لەناو ریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان".
وەرتی روونیكردەوە "ئەنجامەكانی كۆنگرەی 12 لە رووی شەرعی و یاسایی و سیاسییەوە قبوڵكراوە و كۆتایی پێهاتووە، ئەوانەی ئێستا بە بزووتنەوەی ئیسلامی رازی نین، رێگایەكە خۆیان هەڵیانبژاردووە، دۆخی بزووتنەوەی ئیسلامی سەقامگیرە و هەموو رێگایەكی یاسایی دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی شكۆ، مێژوو و مەركەزیەتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان".
دوێنێ باڵێكی بزووتنەوەی ئیسلامی بە سەرۆكایەتی كامیلی حاجی عەلی، خۆیان وەك جێگرەوەی فەرمی بزووتنەوەكە ناساند.