مورینیۆ خەریکە پیتەر چیک بەدەردی کاسیاس دەبات

پیتەر چیک بەنیازە ریزی یانەی چێڵسی جێبهێڵت ئەگەر گۆڵچی سەرەکی نەبێت و سێ یانەی بەهێزی ئەوروپاش چاودێری دەکەن.
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرای کردوە کە مورینیۆی راهێنەری یانەی چێڵسی بەنیازە کۆرتوای گۆڵچی پێشووی ئەتلەتیکۆ مەدرید بکاتە گۆڵچی سەرەکی تیپەکەی و پیتەر چێکیش لەسەر کورسی یەدەگ دانیشێنێت، رۆژنامەکەش پێشبینی ئەوەی کردوە لە کاتی چیک نایەوێت ببێتە گۆڵچی دووەم و بۆیە ریزی یانەکەی جێدەهێڵێت.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە هەریەکە لە یانەکانی ریاڵ مەدرید و پاریس سان جێرمان و مۆناکۆی چاودێری بارودۆخی پیتەر چیک دەکەن و ئەگەر بڕیاری رۆیشتن بدات هەوڵی کڕینی دەدەن.
لەلای خۆشیەوە راهێنەری هەڵبژاردەی بەلجیکا ئاگاداری دایە کۆرتوا بەوەی ئەگەر ببێتە گۆڵچی دووەمی چێڵسی ئەوا لە هەڵبژاردەکە دوری دەخاتەوە.
جێی وەبیر هێنانەوەیە مۆرینۆ لەوکاتەی لە ریاڵ مەدرید بوو کاسیاسی لەگۆڵچی سەرەکیەوە خستە سەر کورسی یەدەگە و ئەگەری هەیە ئەو کارەش بەرامبەر پیتەر چێک بکات.

ئا: چێنەر عەبدول قادر



AM:11:12:15/08/2014