رۆژنامەنووسێكی گۆڕان هۆشدارییەكی بەپەلە ئاڕاستەی حیزبەكەی دەكات


لەسەر درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، رۆژنامەنووسێكی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان هۆشداری بەپەلە بە بزووتنەوەكەی دەدات و دەڵێت "لێكەوتەیەكی تری ئەم روداوە دەبێتە هۆی ئینشیقاق و جیابونەوەیەكی تر لەناو گۆڕان دا و ئەوانەی تائێستاش زویرن و لەماڵەوە دانیشتوون نائومێدتر دەبن لەگەڕانەوە".

سیروان رەشید، رۆژنامەنووسی بزووتنەوەی گۆڕان لە فەیسبووكی خۆی پەیامێكی بەپەلەی ئاڕاستەی بەرپرسانی حیزبەكەی كردوە و داوای لێكردوون هەرچی زوترە پەشیمان ببنەوە لە بڕیاری درێژكردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان.

دەقی نووسینەكە..


هاوارێك بۆ بڕیاربەدەستانی گۆران
تكایه بەو بڕیارە هەڵەیەتاندا بچنەوە!
بەرێزان:
 ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان
ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان لە دروستبونیەوە تائێستا ملی بۆ نەریتی خراپی درێژكردنەوەی خولی پەرلەمانی نەداوە، كە بەواتای درێژكردنەوەی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم-یشە.
لەمانگی رابردودا بەرێزان (مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی) بڕیاریانداوە لەسەر كۆی پرسە ناوخۆی و عێراقیەكان رێكبكەون و، درێژكردنەوەی خولی پەرلەمانیشیان بەدەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانیان سپاردووە و تەمەنی حكومڕانییان بە‌نایاسایی درێژدەكەنەوە، جا گۆڕان لەگەڵ بێت یان نا، ئەوان پێكەوە كاری خۆیان لەگەڵ (11) كورسی كۆتاكان دەكەن.
 بەداخەوە لەم رۆژانەی رابردودا بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، داوا لەفراكسیۆنەكەی كراوە دەنگ بەو درێژكردنەوەیە بدەن، لەبەر چەند هۆكارێك، كە سەرەكیترینیان ئەوەیە؛ لایەنی دەسەڵات بەگۆڕان-یان وتووە (دەنگدان بە درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان بەشێكە لە پاكێجی كاركردنی پێكەوە لەحكومڕانی و ئەگەر فراكسیۆنەكەتان دەنگ نەدەن ئەوا لەحكومڕانی پێكەوە نامێنین). ئەوە جگە لە چەند هۆكارێكی تر كه سەركردایەتی گۆڕان وەك پاساوێك باوەڕی پێهێناوە كە دەنگ بەو درێژكردنەوەیە بدات!.
بەبڕوای ئێمە هێشتا كات ماوە بۆ پێداچونەوە بەو بڕیارەو ئەتوانرێت لە كۆبونەوەی هەفتەی داهاتووی پەڕلەمان دەنگ بە پێشنیازە یاساكە نەدرێت. 
خۆ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان پێداچونەوەیەك بەو بڕیارەیدا نەكات، ئەم دەرەنجامە خراپانەی دەبێت:
یەك:‌ گرێبەستی ئەخلاقی نێوان خەڵك و دەنگدەر بۆ هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان بۆ چوار ساڵە (30-9-2018 تاوەكو 5-11-2022)، رێككەوتنی گۆڕانیش بۆ بەشداری لە حكومەت لەگەڵ لایەنی براوەی یەكەم،  باسی درێژكردنەوەی تیانیە و تەنها بۆ ئەم خولەیە ئیتر پێویست ناكات كوفری وابكات!. با پارتی و یەكێتی خۆیان دەنگ بەدرێژكردنەوەكەی بدەن.
 دوو: بابپرسین نرخی دەنگدانی فراكسیۆنی گۆڕان بە درێژكردنەوەی خولی پەرلەمان و حكومڕانی بۆ خەڵكی كوردستان چییە؟ (وەك بیستومە هەفتەی داهاتوو لەسەر داوای گۆڕان یاداشتێك ئیمزا دەكرێت كە ناوەرۆكەكەی؛ پەسەندكردنی یاسای بودجەو دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران و چەند پڕۆژەیاسایەكی ترە‌) كە بەبڕوای ئێمە گفتوو بەڵێن لەلایەن پارتی و یەكێتی-یەوە متمانەی جێبەجێكردنی نییە!.
ئایا بەم دۆخە خراپەی گۆرانەوەو بەو هەموو نائومێدیەی خەڵكی كوردستانەوە، ئەگەر هەڵوێستێكی ئاوا نەگرنە بەر ،چ كارتێكتان بە دەستەوەیە بۆ كەمپەینی هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوو؟
سێ: لێكەوتەو مەترسیەكی تری ئەم كارە دەبێتە هۆی شكانی یەكجارەكی پەرلەمانتارانی گۆڕان لەناو خەڵك و بازاڕدا كە بە ویژدانەوە ئەڵێم پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی گۆڕان هێشتا لە ریزبەندی سەرەوەی بەرگریكردنن لە ئازادیەكان و چاودێری حكومەت و كەشفكردنی گەندەڵیەكان.
چوار: لێكەوتەیەكی تری ئەم روداوە دەبێتە هۆی ئینشیقاق و جیابونەوەیەكی تر لەناو گۆڕان دا و ئەوانەی تائێستاش زویرن و لەماڵەوە دانیشتوون نائومێدتر دەبن لەگەڕانەوە.
تكایە بڕیاربەدەستانی گۆڕان.. كات كەمی لەبەردا ماوە، ئێوە لە چارەنوسی ئەم بزوتنەوەیە بەرپرسیارن. لەبەر گەورەیی (نەوشیروان مستەفا) بەدەم ئەم هاوارەمەوە وەرن.




PM:11:32:05/10/2022