مه‌سرور بارزانی: پێویستە كاندیدی سه‌رۆك كۆمار له‌ په‌رله‌مانی كوردستان دیاریبكرێت

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ڕایدەگەیەنێت" كاندیدی هاوبه‌شی كورد بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستاندا دیاریبكرێت، چونكه‌ په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌كات". 

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستان، له‌ کۆنفرانسی (پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) له‌ هه‌ولێر له‌باره‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ ڕایگەیاند" بووه‌ته‌ عورف و زۆرینه‌ی شیعه‌ سه‌رۆك وه‌زیران كاندید ده‌كا و زۆرینه‌ی سوننه‌ش سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستینشان ده‌كا، لێره‌دا داواكارییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆرینه‌ی كورد ده‌بێ كاندیدی خۆی بۆ سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشان بكا، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردووتر، ئه‌م عورفه‌ شكا و له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌بێ كورد، زۆرینه‌یه‌كی تری شیعه‌ هه‌ڵبژاردنیان كرد و سه‌رۆك كۆمارێكیان دیاری كرد". 

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویسته‌ ڕێز له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بگیرێ، لایه‌نی سه‌ركه‌وتووی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان كێیه‌، ئه‌و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كاندیدی سه‌رۆك كۆمار پێشنیاز بكا، به‌ڵام ئێمه‌ داوامان كردووه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان كاندیدی سه‌رۆك كۆمار ده‌ستنیشان بكه‌ن، ئه‌م شوێنه‌ په‌رله‌مانه‌، كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات، له‌ په‌رله‌مان با كاندیده‌كان بخرێنه‌ڕوو، كێ زۆرینه‌ی ده‌نگی به‌ ده‌ست هێنا، با ببێته‌ كاندیدی یه‌كگرتووی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌وكاته‌ په‌رله‌مانی عێراقیش ڕێز له‌ خه‌ڵكی كوردستان بگرێ و ئه‌و كاندیده‌ هه‌ڵبژێرێ.

مەسرور بارزانی لە درێژەی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا سەبارەت بە مۆدێلی عێراق قسەی کرد و وتی" دەوڵەتی عێراق نەیتوانی سەقامگیری بەرقەرار بکات، و نەیتوانی خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەلەکەی بکات و یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو کێشانە دەکرێت چارەسەرنەکردنی پرسی کورد بێت، حکومەتە دیکتاتۆرەکان بیریان لە وێرانکردن و سڕینەوەی کوردستان دەکردەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە ئەمەی لێبکەوێتەوە". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، باس له‌ مافی مرۆڤ و مافی تاك و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌گه‌ز ده‌كه‌ین، به‌ڵام مافی نه‌ته‌وه‌كان له‌ كوێیه‌؟ ئایا ڕێزیان لێگیرا؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ نه‌خێره‌، به‌ڵكو ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ و ئایین و نه‌ته‌وه‌كان و ئاشتیخوازانه‌یە. 

هەروەها بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەیەکی ڕوون هەیە بۆ چەسپاندنی مافی مرۆڤ و گەلەکەمان، ئەگەر دەرفەتمان هەبوایە زۆر شتمان بۆ ناوچەکە و بۆ جیهان بنیات دەنا.

جەختیشیكردەوە، كێشەی كورد تەنیا بە كورد چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ نەتەوە و ئایینەكانی دیكەی ناوچەكە هەبێت، كاتێك بیر لە چارەسەرێك دەكەینەوە بۆ ئەو پرسە دەبێت چاو لە ناوچەكە و هەموو جیهان بكەین. 


AM:11:52:08/10/2022