شاسوار عەبدولواحید هێرش دەكات و هۆشداری توندیش دەدات


شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی هێرشی توند دەكاتە سەر ئەو پەرلەمانتار و حیزبانەی لەگەڵ درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستانن و داواش لە پەرلەمانتارانی جوڵانەوەكەی دەكات مانگی داهاتوو ژمارە حسابەكانیان دابخەن.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی لە پەیامێكدا رایگەیاندووە "هەر پەرلەمانتار و حیزبەكەشی، زەرەیەك ئەخلاقیان تیا بێت ئەوا نە وادەی پەرلەمان درێژ دەكەنەوە و نە لە دوای ٦ ی ١١ وە لە پەرلەمان دەبن و نە موچەش وەردەگرن دوای ئەو بەروارە. ئیتر ئەم قسەیەم بۆ خەڵكی خاوەن مەبدەئو ئەخلاقە كە پەروەردەی جوانیان هەبووە و گرنگی دەدەن بە ناوی خۆیان و خێزان و منداڵەكانیان".

سەبارەت بە پەرلەمانتارانی نەوەی نوێش ئاماژەی بەوەكردووە "جگە لە دەستخۆشی و بەوەی كە فەخر و شانازیتان پێوە دەكەم، ئەوا داواكارم لە دوای ٦ ی ١١ ژمارە حسابی بانقیەكەشتان دابخەن تا ئەمانە بە ساختەچێتیش بێت موچە نەخەنە سەر حسابەكەتان.

شاسوار عەبدولواحید وتویەتی "ئەمەی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ دەیكات ئەوپەری كارێكی ئەخلاقی و جوانە و نمونەن لە مێژوودا، كە هەم خانەنشینیتان رەتكردەوە و هەمیش موچە وەرناگرن لە پەرلەمانی نایاسایی".

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەنگ بە درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بدات.



PM:07:39:08/10/2022