لەتیف رەشید بوو بە چوارەم سەرۆک کۆماری کورد لە عێرقدا


لە خوولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمانی عێراق، د. لەتیف رەشید توانی سەرکەوتن بەسەر بەرهەم ساڵح دا بهێنێت و ببێتە چوارەم سەرۆک کۆماری کورد لە عێراقدا.

بەپێی راگەیاندنی فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لە پەرلەمان عێراق، د. لەتیف رەشید توانی ١٦٢دەنگ بهێنێت، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق د. بەرهەم ساڵح تەنها ٩٩ دەنگی بە دەستهێنا.

دوای ئەوەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک سووربوو لەسەر لانەبردنی بەرهەم ساڵح، دوێنێ چوار شەممە، پارتی و دەوڵەتی یاساو سیادە پێشوازیان لە پاشەکشەی کاندیدەکەی پارتی کردو جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان دەنگ دەدەن بە د. لەتیف رەشید، هەر بەو پێیە ئەمڕۆ لەتیف رەشید لە خوولی دووەمدا هەڵبژێردرا بە سەرۆک کۆمار.

د. لەتیف رەشید لە دایکبوونی ١٩٤٤ ی سلێمانییە، خوێندنی بکالریوس و ماستەر و دکتۆرای لە بەریتانیا تەواوکردووەو پسپۆرە لە بواری " ئاو دا".

لە شەستەکانی سەدەی رابردوەوە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی کاری سیاسیان کردووە، سەرەتا لە ناو پارتی و دواتر لە یەکێتی و، بە حوکمی نزیکی لە تاڵەبانی شارەزای باشی لە سیاسەتدا پەیدا کردووە.

لەسەردەمی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بەرهەڵستکار ئەم جێگری د. ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەکە بووە، دواتر لە سەردەمی مالکیدا وەزیری سامانی ئاوی بووە تا ساڵی ٢٠١٤.

هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی یەو خاوەنی کچێک و دوو کوڕە.  



PM:06:31:13/10/2022