لێدوانێك لە مەسرور بارزانییەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان


مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردەوە كە لە كاتێكی نزیك و گونجاودا ئەنجام دەدرێت.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە مارك برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد و بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، بارودۆخی گشتی عێراق، پرۆسەی سیاسی و هەوڵەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ تاوتوێكران.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی كوردستان، جەختیش لەوە كرایەوە، كە ئێستا دەرفەتێكی نوێ هاتۆتە ئاراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتێك، كە كاری لە پێشینەی خزمەتكردنی گشت پێكهاتەكانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی بكات لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و ناوەڕۆكی ئەو ڕێككەوتنەی بۆ پێكهێنانی حكومەت لە نێوان لایەنەكاندا كراوە، بەتایبەتی رێزگرتن لە پرنسیپەكانی ھاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "گفتوگۆ دەربارەی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا، سەرۆكی حكومەت جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەكی نزیك و گونجاودا كردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ پێشكەشكردنی هەر هاریكاری و كارئاسانییەك دووپاتكردەوە".



PM:05:16:17/10/2022