کەناڵێکی بەناوبانگی کوردی داخرا


لە ئەمڕۆوە سێ شەممە پەخشی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان-ھەولێر ڕاگیرا و تێکەڵ دەكرێتەوە بە تۆڕی گەلی كوردستانەوە کە سەر بەو حزبەیە و نوسینگەی پایتەختی تۆڕەكە لە جێگەی دەكرێتەوە.  
  
ئەمڕۆ ١٨ ی ترشینی یەکەم ماڵپەڕی PUKMEDIAی زمانحاڵی یەکێتی بڵاویکردەوە" لە چوارچێوەی رێكخستنەوە و پوختكردنەوەی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، تۆڕی گەلی كوردستان دادەمەزرێت، كە پێكدێت لە (كەناڵی ئاسمانی و رادیۆ و وێبسایت) و هەر بوارێكی دیكەی میدیایی كە راگەیاندنی یەكێتی بە پێویستی بزانێت".  

ھاوڕێ رواندزی، راوێژکاری تایبەتی لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لەھەولێر بە ماڵپەڕەکەی راگەیاندووە" لەچوارچێوەی پرۆژەی یەكخستن و پوختكردنەوەی راگەیاندنی یەکێتی، لە مڕۆوە پەخشی كەناڵی تەلەفزیۆن گەلی کوردستان - ھەولێر رادەگیرێت و کەناڵەکە پەیوەستدەكرێت بە پڕۆژەی تۆڕی گەلی كوردستانەوە". 

 
هەروەها دەشڵێت " بۆ بایەخدانی زیاتری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی بە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان نوسینگەی پایتەختی تۆڕی گەلی کوردستان لەھەولێر جێگای تەلەفزیۆنەکە دەگرێتەوە، کە سەرپەرشتی کار و چالاکیەکانی سنوری پارێزگای ھەولێر دەکات بەھەموو قەزا و ناحیەکانەوە روماڵەکانیش بۆ تۆڕی گەلی کوردستان دەبێت".

 تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان - ھەولێر لە ٨ی تشرینی دووەمی ١٩٩١ دامەزراوە و پەخشی دەستپێکردوە كەناڵێكی لۆكاڵی سەربەر مەكتەبی راگەیاندنی ی.ن.ك-بووە .  

ئەو پرسەی کە یەکێتی ناویناوە رێکخستنەوەی میدیاکان ناڕەزایەتی لەناو بەشێکی بەرچاوی کادیرانی میدیای یەکێکتی دا دروستکردووەو رایانگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە کەمکردنەوەی مووچەو، بۆ رۆژنامەنووسی تریش بێکارکردنیان.



PM:02:19:18/10/2022