کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی هەرێم لە هەڵبجە سازدەکرێت

کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە هەڵبجە لە نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمدا بە مەبەستی نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەکانی سەرسنور لەگەڵ ئەو ولآتەدا ساز دەکرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە، لە چەند رۆژی رابردوودا لە پارێزگای هەڵەبجە کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە نێوان نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمدا لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە و نیگەرانییەکانی ئێران لە دۆخی ناوچەکە سازکراوە.

بەپێی ئەو زانیارانە ئامانجی ئەو کۆبوونەوەیە لەلایەن ئێرانەوە بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی سنورەکانی بووە لەو ناوچەیەو، داوای لە هەرێمیش کردووە کە رێگا بگیرێت لە هەر دزەکردنێکی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی لەو ناوچانەوە بۆ ناو خاکی ئێران.

لەو چوارچێوەیەدا کۆماری ئیسلامی ئێران جوتیارانی هەرێمی کوردستان کە دەکەونە ناوچەکانی سنوری شارۆچکەی تەوێلە و بیارەی ئاگادارکردۆتەوە کە نزیک نە کەونەوە لە سنورەکانی وڵاتەکەی.

لەو کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لایەنی ئێرانی دڵنیاکردۆتەوە کە رێگا نادەن هیچ جۆرە جموجوڵێک لەو ناوچەیەوە دژی کۆماری ئسیلامی ئێران ئەنجام بدرێت.

رۆژی ٢٨ ئەیلول سوپای ئێران هێرشێکی هەمە لایەنەی مووشەکی و لەرێگای درۆنی خۆکوژیەوە کردە سەر بارەگاکانی هێزە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە سلێمانی و کۆیەو شێراواو بە دەیان کەسانی مەدەنی و مندال و پێشمەرگە بوونە قوربانی. 
 



PM:11:13:19/10/2022