سەرۆک وەزیرانى نوێی بەریتانیا دەستى لەکارکێشایەوە

لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا، ئەمڕۆ دەستی لەکارکێشایەوە. 

کەمێک پێش ئێستا لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا و سەرۆکی پارتی پارێزگاران کە لە لایەن شاژنە ئیلیزابێسی دووەم شاژنی کۆچکردووی ئەو وڵاتەوە چەند رۆژێک پێش گیان لەدەستدانی دیاریکرا، لە بەیاننامەیەکدا لە دەرەوەی شاری داونینگ ستریت دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد، ناتوانێت ئەو ئەرکە پێشکەش بکات کە لەسەری وەک سەرۆکی پارتی پارێزگاران هەڵبژێردراوە و شا چارلسی سێیەمی ئاگادارکردووەتەوە کە دەست لەکاردەکێشێتەوە

وتیشی" تا جێگرەوەیەک هەڵدەبژێردرێت، وەک سەرۆک وەزیران دەمێنمەوە". 

ڕاشیگەیاند، لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرکردایەتی پارتی پارێزگاران تەواو دەبێت. 

لیز ترەس باسی لەوەشکرد" حکومەتەکەم تووشی ناسەقامگیرییەکی گەورەی ئابووری نێودەوڵەتی بووە، دانبەوەدا دەنێم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناتوانم ئەو ئەرکانە جێبەجێبکەم کە لە ئەستۆمە".

دەستلەکارکێشانەوەی لیز ترەس دوای (٤٥) ڕۆژ لە پۆستەکەیدا وایکردووە کە کورتترین سەرۆک وەزیران بێت لە مێژووی بەریتانیادا. 

رۆژی ٥ی ئەیلولـی ٢٠٢٢ لیز ترەس، بە سەرۆكی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا دیاریکرا و بەوەش بووە سەرۆك وەزیرانی نوێی ئەو وڵاتە. 

لیز تێراس کێیە؟

• لە ساڵی (١٩٧٥) لە شاری ئۆکسفۆرد لە باشووری ناوەڕاستی ئینگلتەرا لەدایکبووە. 

• بۆ یەکەمجار لە ساڵی (٢٠١٠) وەک پەرلەمانتاری باشووری ڕۆژئاوای نۆرفۆلک هەڵبژێردرا.

• بەهۆی بۆچوونە لیبراڵەکانی لە بواری ئابووری و بازرگانیدا بووە کەسایەتییەکی جەماوەری لە نێو ئەندامانی پارتی پارێزگاراندا.

• دووه‌م ژنه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌یه‌، و پێی ده‌وترێت خانمی ئاسن.

• بەشداری کردووە لە سەپاندنی سزا بەسەر مۆسکۆ و ئۆلیگارشی ڕووسیا دوای جەنگی ئۆکرانیا.

• چەندین پۆستی وەزاری هەبووە، هەروەها ڕۆڵی هەبووە لە دانوستاندن لەسەر ڕێککەوتنە بازرگانییەکان دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا کاتێک وەزیری بازرگانی نێودەوڵەتی بووە، پێش ئەوەی بگاتە پێگەی ئێستای.


PM:04:19:20/10/2022