نەوەی نوێ بەشداری کابینەکەی سودانی ناکات


نەوەی نوی پشتیوانی بۆ هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راپسێردراو دادەنێت، بەڵام بەشداری حکومەت ناکەن.

لە پۆستێکدا دوای سەردانەکەی شیاع بۆ بارەگای نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەکە دەڵێت " سەرەڕای سوپاس و پشتیوانیمان بۆ هەوڵەکان و بەرێزیان و بەرنامە باشەی کە بۆی باسکردین، پێمان راگەیاند کە دڵخۆشین بە بیستنی ئەم بەرنامە و روئیایە، بە دڵنیاییەوە پشتیوانی هەموو کارێکی جوان و باش دەبین، ئەگەر خوانەکردە خراپیش بوون یان کەموکورتیان هەبوو، ئەوا بێگومان رەخنەگر و چاودێر دەبین بەسەریانەوە".

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەشڵێت " بە هۆی وەرگرتنی رایەکی زۆری هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، وە پاش گفتوگۆ لەناوخۆی خۆمان و ناو جوڵانەوەکە و فراکسیۆنەکە ، وە بە هۆی ئەوەی لە ئێستادا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئێمە بەم وەزاراتانەوە دەتوانین خزمەتی هاوڵاتییان بکەین یاخود نا ! بۆیە بڕیارمان دا کە بەشداری حکومەت نەبین و هیچ وەزارەت و پۆستێک وەرناگرین". 

نەوەی نوی وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن خۆی راگەیاندووە، پێشبینیش نە دەکرا بەشداری کابینەی شیاع بکات.



PM:07:45:20/10/2022