قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشدارییەکی توند بەم کەس و شوێنانە دەدات



نوێنەری تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداری بەخاوەن مارکێت و فرۆشتگای خوێندنگاکان دەدات و دەڵێت؛ روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکان دەکرێنەوە. 

ئەمڕۆ دوشەممە، د. باوان عەبدولڕەحمان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند” ئەو خواردن و خواردنەوانەی رێگەیان پێدراوە لە فرۆشتگای خوێندنگەکان بفرۆشرێت لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی تەندروستییەوە ئاراستەی لیژنە هاوبەشەکان کراوە، بەدەر لەو لیستە هەر خواردن و خواردنەوەیەک بەخوێندکاران بفرۆشرێت، خاوەنی فرۆشتگاکە روبەڕوی سزادەکرێتەوە”.

سەبارەت بەپاکەت و جگەرەی ئەلیکترۆنی وتیشی” لەرێگەی راگەیاندنەکان و لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانییەوە، سەرجەم مارکێتەکان ئاگادارکراونەتەوە کە ڤایپ، پاکەت و جگەرەی ئەلیکترۆنی بە مێرد منداڵ نەفرۆشن، بەپێچەوانەوە شوێنەکە دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکارە یاساییە توندەکان دەکرێتەوە”.

د. باوان عەبدولڕەحمان داوا لە دایکان و باوکان دەکات بەوریاییەکی زیاترەوە ئاگاداری منداڵەکانیان بن و لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە بکەن. 



PM:01:02:24/10/2022