شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین و هەورە بروسکە ڕوو لە هەرێم دەکات

کەشناسێکی شارەزا لە ڕاگەیەندراوێکدا دوایین زانیارییەکان لەسەر ئەگەرەکانی بارانبارین لەم مانگەدا دەخاتەڕوو دەڵێت" ڕۆژی چوارشەممە و پێنج شەممەی ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە بارانبارینی پچر پچر دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکە". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" سبەینێ سێشەمە کەشی ھەرێم سەقامگیر و ئاسایی دەبێت، بەڵام دوانیوەرۆی ڕۆژی چوارشەممە تا ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە جارێکی دیکە ناوچەکانمان دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپەستانێکی لاوازی دەریای سوور و بارانبارینی پچر پچر بەرێژەی کەم تا مامناوەند لە ناوچە جیاجیاکاندا دەستپێدەکاتەوە لەگەڵ چالاکبوونی ھەورە بروسکە لە ھەندێک کاتدا و ئەم حاڵەتە کورتخایانەش ئێوارەی پێنجشەممە کۆتایی دێت و تا کۆتایی مانگ کەش زیاتر بە سەقامگیری ئەمێنێتەوە لەگەڵ ناجێگیری لە بەرزی و نزمی پلەکانی گەرما لەو ماوەیەدا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەبارەت بە بارانی زۆر و سەرتاسەری تا ئەم کاتە لە دوور و نزیک ھیچ دەرنەکەوتووە، بەڵام ئەگەر ھەیە سەرەتای مانگی داھاتوو بارانبارین ھاوشێوەی حاڵەتەکانی ئەم ماوەیە بەشێوەی بارانی پەرتەوازە و  ناجێگیر دەستپێبکاتەوە. 


PM:09:22:24/10/2022