پارتی دهۆک ئامادە دەکات بۆ سازدانی کۆنگرە بۆ هەفتەیەک نابێت درۆن بە ئاسمانی دهۆکدا بفڕێت

پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی بە گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی و میدیایی لە شاری دهۆک کردووە بۆ بەستنی کۆنگرەی ١٤ ی حیزبەکەیان، لە نێویشیاندا بۆ ماوەی هەفتەیەک هەموو جۆرە هەڵدانی فڕۆکەیەکی درۆن قەدەغەیە.

ئاماژەکان لە شاری دهۆکەوە ئەوە نیشاندەدەن کۆنگرەی پارتی کە لە ٣ی تشرینی دووەمەوە لە شاری دهۆک دەستپێدەکات، لە هۆڵەکانی زانکۆی دهۆک سازدەکرێت.

لە بواری ئەمنی و میدیایدا کارەکانی خۆئامادەکردن بۆ سازدانی کۆنگرە دەستی پێکردووەو هێزە ئەمنییەکانی شارەکە بە وردی پلان دادەنێن بۆ بەستنی کۆنگرە و چاودێریان بە گشتی لە شارەکەدا و بە تایبەتی لەو شوێنەی کۆنگرەی تێدا دەکرێت چڕکردۆتەوە.

هاوکات خەریکە شارەکە ئاڵای زەرد و ئاڵای کوردستان و وێنەکانی سەرکردەکانی پارتی دەڕازێنرێتەوە.

لەلایەکی ترەوە ئاری جەلال سەرۆکی کۆمەڵەی وێنەگرەکانی کوردتان لقی دهۆک، رایگەیاند هەڵسانی فڕۆکەی درۆن لە ١ ی تشرینی دووەمەوە تا ٧ ی تشرینی دووەم بە ئاسمانی دهۆکدا قەدەغە دەکرێت.( ئەمەش ئاماژەیەکی ئەمنییە کە هیچ کەس لە وێنەگر و میدیاکار و هەرکارێکی تر کە فڕۆکەی درۆنی تێدا بەکاربێت دەبیت بوەستێت). 

بڕیارە لە ٣ ی تشرینی دووەم پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی ١٤ ی خۆی لە شاری دهۆک ساز بکات.



PM:10:17:28/10/2022