لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوەی خێرا لە تاوانەکانی ئەم دواییەی ئێران دەکات

رێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ یان لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئاشکراکردنی قوربانییانی دوو رۆژی رابردووی خۆپێشاندانەکانی ئێران ئاشکراشیکردووە" کۆماری ئیسلامی ئێران چەکی ئاگرین لە دژی خۆپیشاندەران بە شێوازێکی بێباکی و نایاسایی بەکاردەهێنێت". 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە لە ڕاپۆرتێکدا لێپرسینەوە سەبارەت بە دۆخی ئێران، بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕوون بکاتەوە کە تاوانەکانیان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان سزا نادرێن". 

لێبوردنی نێودەوڵەتی هەر لە بڵاوکراوەکەدا رەخنە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت لەوەی" نەبوونی هەڵوێستی گونجاو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی (٢٠١٧) و ساڵەکانی دواتر وای کردووە ئێران بێباکتر بێت لە کوشتنی خەڵک". 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاندووە" دەسەڵاتدارانی ئێران بەشێوەیەکی بێباکانە و نایاسایی چەکی ئاگرین لە دژی خۆپیشاندەران بەکاردەهێنێی، لەوانەش تەقەمەنی زیندوو، جارێکی دیکە تێچووی کارەساتباری بێکردەوەیی نێودەوڵەتی ئاشکرا دەکات". 

هەروەها ڕێکخراوەکە ناسنامەی کوژراوانی ناڕازی بە ناوەکانی (کبری شێخە، زانیار ئەبوبەکری، شاهو خزری، محەمەد شەریعەتی، ئەفشین ئاشم، ئیسماعیل مولودی لە شارەکانی مەهاباد، سنە، قەسری شیرین) و دوو هاوڵاتی کوژراوی دیکەی کە تا ئێستا ناسنامەیان نادیارە ئاشکرا کردووە، کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون. 

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە خەڵکی جیهان کرد کە هەنگاو بنێن و داوا لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە ڕێوشوێنی خێرا و تایبەت سەبارەت بە ئێران بگرنە بەر. 

لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان دژی گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی، کە زۆربەیان لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بەلوچستان بوون، لانیکەم ٢٦٠ کەس کوژراون کە ٣٥ کەسیان منداڵن. 


AM:09:50:29/10/2022