بەرپرسێكی باڵای ئێران هۆشداری دەداتە خۆپیشاندەران


بەرپرسێكی باڵای سەربازی ئێران هۆشداریی دەداتە خۆپیشاندەرانی وڵاتەكەی و رایگەیاند، ئەمڕۆ دوا ڕۆژ دەبێت كە لەسەر شەقام بن و "ئەمڕۆ دوا رۆژی ئاژاوەگێڕییە".

ئاژانسی میهری ئێرانی لە زاری حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردەوە "گەلی ئێران ئەمڕۆ دەبێت هاوڕا و پارێزەری ئیمامان بن و رێگە نەدەن دوژمنەكان رۆاڵەتی ئێرانییەكان بە ڕەش نیشان بدەن، دوژمن بە بیستنی دەنگی بەشكۆی گەلی ئێران كڕو‌كپی كردوە و‌چیدیكە ناوێرێت پلان بۆ نائەمنكردنی ئێران بڕێژێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، "ئەم پیلانەی ئێستا لە وڵاتدا هەیە ئەنجامی بیری ئەمریكا، ئیسرائیل و رژێمی سعودیەیە، چونكو ئەوان لە ماوەی 43 ساڵی رابردودا شكستیان بەرامبەر بە گەلی ئێران هێناوە".

حسێن سەلامی وتویەتی "ئەمریكا بە درۆ و دەلەسە گەنجان فریودەدات تاوەكو لەو رێگایەوە بێ هیوایی بخاتە ناو‌خەڵك، بەڵام‌ گەنجانی فریودراو دەبێت بزانن ژمارەیان كەمە و نابێت نیشتمان فرۆشی بكەن، ئەمڕۆ رۆژی كۆتایی پشێوییەكانە و چیدیكە مەیەنە سەر شەقام، چونكە ئەمە پیلانی كۆشكی سپی و ئیسرائیل بو، كە ویستی لە كۆمەڵگەی ئێراندا ئاژاوە بنێتەوە و نابێت رێگە بدەین داهاتوی ئەم وڵاتە ببێتە داهاتویەكی پڕ لە وەیشومە".



PM:03:16:29/10/2022