چیرۆكی راستەقینە لەسەر زاری سێ رزگاربووی كۆمەڵكوژیەكەی گووندی کۆجۆ لەشەنگال

‌وێنەی رزگاربووەکان - فراتنیوز
"سەرەتا داوایان لێكردن باوەڕ بە ئیسلام بهێنین، بەڵام ئێمە رەتمان كردەوە، پاشان مۆڵەتی تا رۆژی یەك شەممەیان پێداین، پاشان پێیان وتین لە لادێكە دەتانبەینە دەرەوەو تا بتانبەین بۆ لای كەسوكارتان، هەموومانیان لە قوتابخانەی لادێكە كۆكردەوە، پاشان هەرچی پارەو خشڵ و زێڕو مۆبایلەكانیان لێسەندین، دواتر هەموو پیاوەكانیان دەستە دەستە  بە سەیارە بردە دەرەوەی لادێكەو هەمویان كوشتن، بەڵام نازانین چیان لە ژن و منداڵەكان كرد"، ئەوە قسەی سێ رزگاربووی كۆمەڵكوژیەكەی دێی (كوچوك)بوو كە دوای ئەوەی لەژێر لاشەی كوژراوەكاندا خۆیان شاردبوەوە زۆر بە زەحمەت بەبرینداری هەڵهاتبوون و خۆیان گەیاندبووە شاخی شەنگال و لەوێ خەڵكی ناوچەكەو شەرڤانانی یەکێتی پاراستن گەل  بەهانایانەوە چووبوون و دواتریش بۆ ناوچەی (روج ئاڤالایان) گواستبوونەوە  بۆ چارەسەری زیاتر.
بەپێی قسەی ئەو سێ هاوڵاتیە کە هەموو تاوانە دڕندەکانی چەکدارانی داعشیان بینیوە، دەڵێن چەکدارانی داعش 12 رۆژ بەر لە رروداوەکە هاتوبونە ناو لادێكەوە، لەسەرەتاوە هەرچی چەك هەبوو لە لادێكە كۆیان كردەوەو پاشان داوایان كردوە كە ببین بە ئیسلام، دوای ئەوەی خەڵكی لادێكە رەتیان كردەوە بچنە سەر دینی ئیسلام.
بەپێی قسەی هەر سێکیان تا رۆژی یەك شەممە مۆڵەتیان پێدابوون، بەڵام دواتر چەکدارانی داعش رایانگەیاند كە واز لەو لادێیە دەهێنن و ئازاریان نادەن، ئەمە زۆری ناخایاند، هەر ئەو رۆژە خەڵكی دێکەیان بەمنداڵ و ژنەوە لە قوتابخانەی دێکە كۆكردەوەو هەرچی ئاڵتونی ژنەكان و پارەو مۆبایل بوو لێیان سەندوون، پاشان پیاوەكانی لادێكەیان كۆكردەوە دەستە دەستە بردوویانن بۆ دەرەوەی لادێكەو كوشتنیان، تەنها 4 كەسیان كە برینداری، بووبوون بەژێر لاشەكانی ترەوە لە مردن رزگاریان بووە.
بەپێی قسەی هەر سێ رچگاربووەکە كوژراوەكانیان بە كۆمەڵ دەكرد بەژێر خۆڵەوە لەچاڵی گەورەدا كە بە شۆفڵ هەڵیان كەندبوو.
 شایەتحاڵەكان باس لەوەدەكەن كە 600 كەس لەو كۆمەڵكوژیەدا گیانیان بەخشیوە، لەبەر ئەوەی چەتەكان سەرەتا پییاوەكانیان بردۆتە دەرەوە بۆیە کەس چارەنوسی ژن و منداڵەكانیان نازانێت.
هاوڵاتیەکی رزگاربوو خەلەف خودی:
خەلەف خودی هاوڵاتییەکە کە ئەو بەبرینداری شەنس یاوەری بووەو رزگاری بووە، دەڵێت" داعش هاتنە لادێكەمانەوە پێش 12 رۆژ لەمەوبەر، سەرەتا وتیان، ئازارتان نادەین و تەنها دەمانەوێت ببنە موسوڵمان"، بەڵام ئەحمەد جاسم كەشێخ و  موختاری لادێكەیە وتی "ناتوانین ببینە موسوڵمان"، ئەوان وتیان "تارۆژی یەك شەممە مۆڵەتتان هەیە".
خەلەف خودی دەڵێت "مۆڵەتەكە تەواو بوو جارێکی تر چەکدارەکانی داعش هاتنەوە پێیان وتین، هیچتان لێ ناكەین و دەتانبەینە دەرەوەی دێكە بۆ لای خزمەكانتان، رۆژی (1٣ ی ئاب) بە 12 ئۆتۆمبێلی سەربازی كە دۆشكەی لەسەر بوو چواردەوری لادێكەیان گرت، پاشان دەستیان بەسەر هەموو شتێكا گرت و ماڵ و منداڵیان كۆكردەوەو هەموو شتێكیان لێبردین، جارێكیتر داوایان لێكردین ببین بە بە ئیسلام، بەڵام رەتمان كردەوە".
ئەو هاوڵاتیە ئێزیدیە دەڵێت " دواتر پیاوەكانیان كرد بە دەستەی 15 كەسی و هەمومانیان بە سەیارە برد، لەوێ ریزیان كردین و فیشەك بارانیان كردین".
ئەو باس لەوە دەکات کە پیاوێك كەوتووە بەسەریداو 2 گوولە بەر سەنگی و گولەیەك بەرقاچی كەوتووە" بەڵام خۆم بێدەنگ كرد و پاشان چەتەكان هاتن بەناو كوژراوەكاندا گەڕان و هەركەسێك رۆحی تیامابوو گولەی تریان  پێوە دەنا، دوای كاتژمێرێك شوێنەكەیان جێهێشت و منیش بەبرینداری رامكردو خۆم لە نێوان دارەكاندا شاردەوە".
 خەلەف ئەو ساتانەی لەبیر ناچێتەوە کە ئەو بە چاوی خۆی بینیویەتی  سەیارەی چەکدارانی داعش هاتونەتەوە و كۆمەڵێك خەڵكی تریان گولەباران كردووەو، دوای 30 خولەكی تر شۆفڵیان هێناو هەموو كوژراوەكانیان كردووە بەژێر خۆڵەوە كە نزیكەی 600 كەس دەبوون.
ئەو باس لە رزگارکردنی خۆی دەکات و دەڵێت" لەوشوێنەدا مامەوە تا تاریك داهات و پاشان بەرەو چیای شەنگال رۆیشتم، هیچ زانیاریەكم لەسەر ژن و منداڵەكانم نیە، چونكە پێش ئەوان لادێكەمان جێهێشت، لەوانەیە ئەوانیشیان لە قوتابخانەكە كوشتبێت، رێگەیان نەدا هیچ كەسێك لە لادێكە بێتە دەرەوە".
دکتۆری لادێی کۆجۆ، ئەلیاس ساڵح قاسم باسی ئەو رۆژە چۆن دەکات؟ 
ئەو كاتەی هاتنە لادێكە سەرەتا ئەمیرەكەیان كە ناوی ئەبو حەمزە بوو چەكەكانی لێسەندین، بۆ رۆژی دواتر داوایان لێكردین ببینە موسوڵمان، ئەوەشیان لەگەڵ گوندی حاتەمیە كردبوو، بەڵام ئەوان رایان كردبوو، خۆیان رزگار كردبوو، بۆیە لەلای ئێمە 3 بنكەیان دانا و نەیانهێشت كەس برواتە دەرەوە، ئامۆزایەكم بەناوی ئەحمەد كە دڵی نەخۆشبوو رێگەیان نەدا بچێتە دەرەوەی گوندەكە، بۆ رۆژی دواتر رایانگەیاند كە زۆرمان لێ ناكەن بۆ ئەوەی ئیمان بە ئیسلام بهێنین".
ئەو درێژە بەگێرانەوەکە دەکات و دەڵێت" رۆژی دواتر لە كاتژمێر 11 بە چەند سەیارەیەك كە دۆشكەی بەسەرەوە بوو چواردەوری گوندەكەیان داو هەمومانیان كۆكردەوەو بە ژن و منداڵەوە، لەو گوندەی ئێمەدا 250 خێزان دەژین، ئێمە نزیكەی 500 كەس بووین كە هەموو شتێكیان لێسەندین، دواتر پیاوەكانیان بردە دەرەوەی گوندەكە، بەڵام ئێمە وامان زانی دەمانبەنە دەرەوەی لادێكە بۆ لای خەڵكی تر".
ئەو شایەتحاڵە بەردەوام دەبێت و دەڵێت "من یەكەمین كەس بوو چومە ناو سەیارەكەوەو ماوەی یەك كیلۆمەتر دوریان خستینەوە، لای مدەرەجی عباس قاسم، لەوێ حەوزێكی ئاو هەبوو، هەمومانیان لەقەراغی ئاوەكە راگرت و گولەبارانیان كردین، كاتێك دەیانبینی كەسێك دەجوڵێتەوەو نەمردوە گولەی تریان پێوەدەنا".
دکتۆر، باسی حاڵی خۆی لەو کاتەدا دەکات و دەڵێت" گولەیەك بەرقاچم كەوت و گولەیەكیش سەرمی روشاند، بەڵام هیچ جوڵەیەكم نەكرد، دوای 10 خولەك بێدەنگی زانیم رۆیشتن، بۆیە بەخێرایی رامكرد بۆ ناو چەند دارێك خۆم شاردەوە، بەڵام هەرترسام بمدۆزنەوە".
گوندە عەرەبییەکانیش نەیان گرتینە خۆیان
دکتۆر ئەلیاس دەڵێت" رۆیشتم بۆ گوندێكی عەرەبی دراوسێمان كە گوندی بسكی بوو لە رۆژئاواوە، ویستم شەو لەوێ بمێنمەوە، بەڵام وتیان "ئەبیتە هۆی وێرانكردنی گوندەكەمان".
دکتۆر باس لەوە دەکات کە ئەو گوندە ئەوەندە ئازا نەبوون کە ئەو لەخۆ بگرن، وتی" بۆیە رۆیشتم و لەشوێنێكی تر لەسەعات 3 تا 7ی ئێوارە خۆم شاردەوە، شەو رۆیشتم بە (تا قەساب و شنگال و همدان) تێپەڕیم، لە همدان دەنگی تەقەی زۆر هەبوو بۆیە لەترسام و لەوێش رۆیشتم و دوای رۆژێك رۆیشتن بەپێ گەشتمە دەروازەی چیای شەنگال.
دکتۆر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان تەنها چوار كەسیان لێ رزگاربووەو دەڵێت" لەوانەیە رزگار بووی تریش هەبێت، خەڵكی گوندی (تل قەساب)یان بەو شێوەیەش كوشتبوو، ئەو چەتانە نە ویژدان و نە ئەخلاقیان نیە".
لەسەر نا مرۆی چەکدارانی داعش دەڵێت" پیاوێكی بەتەمەنی 85 ساڵ لەتەنیشتمەوە بوو ئەویشیان كوشت، لە گوندەكەش نزیكەی 200 بۆ 300 ژن و منداڵ لە قوتابخانەكە جێمان".
خدر حەسەن لاوێکی رزگاربووی هەمان لادێیە ئەویش وەک هاورێکانی هەمان چیرۆکی تراژیدی خۆیان و خێزانەکانیان دەگێڕێتەوە.
تێبینی :ئەم راپۆرتە لەفوراتنیوز بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن چێنەر عەبدولقادرەوە ئامادەکراوەتەوە



PM:07:28:18/08/2014