پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە مانەوەی لە پۆستەكەی دەدوێت


د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت "هۆكاری مانەوەی ئێمە لەم پۆستەدا تەنها ئەوەیە كە ئێمە هۆكاری بەیەك گەیاندنی لایەنە سیاسیەكان و خەڵك و كەرتی تایبەت و گشتین، نامانەوێت ئەو سەقامگیریەی كە دروستمان كردوە هەڵبوەشێتەوە".

د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی مانەوەی لە پۆستەكەی رایگەیاند، "هەمو لایەنەكان تا ئێستا پشتیوانیان دەربڕیوە، من ئومێد دەكەم هەمویان بگەنە ئەو بڕیارەی ئەم حكومەتی خۆجێیە بگۆڕێت بە پارێزگاری سلێمانیشەوە و بتوانێت كە سەقامگیریەكی زیاتر بەرهەم بهێنێت، هۆكاری مانەوەی ئێمە لەم پۆستەدا تەنها ئەوەیە كە ئێمە هۆكاری بەیەكگەیاندنی لایەنە سیاسیەكان و خەڵك و كەرتی تایبەت و گشتین، نامانەوێت ئەو سەقامگیریەی كە دروستمان كردوە هەڵبوەشێتەوە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئومێد دەكەین ئیرادەیەكی وا دروست ببێت كە دامودەزگاكان بەشێوەیەكی یاسایی كاری خۆیان بكەن، كە كاراكتەرەكانی ناو حكومەت بەشێوەیەكی پیشەییانە و یاساییەكان كاری خۆیان بكەن، كە پێویستی بەم ململانێیانە نەبێت و بەزوترین كات بگەنە ئەنجامێكی وا كە ئەم حكومەتی خۆجێیە بگۆڕێت".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، ماوەی پێنج ساڵە لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرتووە.



PM:03:02:05/11/2022