ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەست داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی گرێبەست لە فەرمانگەی تەندروستی سلێمانی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان ئەنجام دا و داوا دەکەن بکرێن بە هەمیشەیی. 

دانا ڕەئوف نوێنەری کارمەندانی گرێبەستی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی  بەیاننامەیەکی خوێنەدەوە و ڕایگەیاند" ئێمە کە ژمارەمان ٥٠٢ کەسە، بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران کراین بە گرێبەست، بۆ سەنتەرەکانی کۆرۆنا، چاوەڕێی ئەوە بووین خەڵات بکرێین لە پای هەوڵ و ماندووبونمان، بەڵام حکومەتی هەرێم لە سەروبەندی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بە شێوەی هەمیشەی، ئاگادار کراینەوە کە ئێمە ناومان لە لیستی ئەو ناوانەدا نیە، کە دەکرێن بە هەمیشەیی". 

ئاماژەى بەوەشکرد، هەر لەو کاتانەی لە سەنتەرکانی کۆرۆنا خزمەتیان دەکرد، چەندین هاوڕێیان بوونە قوربانی و تووش بوون بەو پەتایە. 

وتیشی" بەردەوام دەبین لە خۆپیشاندان تا ئەوکاتەی دەزگا حکومییەکان بە نوێنەرایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و وەزارەتەکانی تەندروستی و دارایی لە حکومەتی کوردستان وەڵامی داخوازییەکانمان دەدەنەوە".

لە بەرامبەردا سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" تەندروستی سلێمانی پێویستی بە نزیکەی ٣٦ هەزار کارمەند هەیە، ئەوەی هەمانە ١٣ هەزار و ٨٠٠ کارمەندە، واتە پێویستمان بە ژمارەیەکی زۆر کارمەندە، بۆیە پێویستە گرێبەستی خزمەتگوزاری کارمەندان بکەین". 


PM:12:42:07/11/2022