وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو فەرمانبەرانەی كە ئاستیان بەرزە پلەیان بەرزتر دەكرێت و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەركەكەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنرێن.
ئەمرۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم خەڵاتی بەسەر دەرچووانی خولی (شیكردنەوەی ژمێرەی كۆتایی) دابەشكرد، بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی دارایی، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری لە سەردانی بۆ بەڕێوەبەڕایەتی گشتی باجەكان، رایگەیاند "ئێمە بنەمای پاداشت و سزامان پەیڕەو كردەوە لەو شوێنانەی كاری باش كراوە پاداشت كراون و لەو شوێنانەش سەرپێچی هەبووە كەسانی سەرپێچیكار سزادراون، تەنانەت هەندێك لە بەڕێوەبەرانی بانكەكان و گومرك و دەروازەكان و بانكەكانی سلێمانی ڕووبەڕووی دادگا و یاسا كراونەتەوە."
وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەشكردووە "ئەو فەرمانبەرانەی كە ئاستیان بەرزە پلەیان بەرزتر دەكرێت و ئەوانەشی ئاستیان نزمە لە ئەركەكەیان دەبەخشرێن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێین."
وەزیری دارایی وتویەتی "باج لە گەورە باجدەران و كۆمپانیاكان نابێت بە پێی خەمڵاندن بێت، بەڵكو دەبێت لەسەر بنەمای شیكردنەوەی ژمێرەی كۆتایی بێت".