وەزیرێكی بەریتانیا دەستی لەكاركێشایەوە


وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا دەستیلەكاركێشایەوە و نامەی دەستلەكاركێشانەوەكەی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەوە قبوڵكرا.

ئاژانسی هەواڵی رویتەرز بڵاویكردەوە، گەیڤن ویلیامسون، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ریشی سوناك، سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە كرد و سوناكیش دەستلەكاركێشانەوەكەی قبوڵكردووە.

ریشی سوناك نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بە نیگەرانییەوە قبووڵكردووە، بەڵام لەهەمان كاتدا بە گەیڤن ویلیامسونی وتووە، "رێز لە بڕیارەكەت دەگرین و سوپاست دەكەین كە لەماوەی رابردوودا بۆ كار و وڵاتەكەت دڵسۆز بوویت".

لەبارەی هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی، گەیڤن لە تویتێكدا نووسیویەتی: "وەك دەزانن پرۆسەی سكاڵاكردن لەدژی من بەشێوەیەكی بەردەوام هەیە كە پەیوەندی بەو نامە كورتانەوە هەیە كە بۆ هاوڕێیەكم ناردووە، منیش پابەندم بەو پرۆسەیە و داوای لێبووردنم لە وەرگرەكە كردووە بۆ ئەو چەندە". 

ئاماژەی بەوەشكردووە "بەداخەوە دەستلەكاركێشانەوەكەم پێشكەش دەكەم، بەڵام دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و پشتگیری تەواوی خۆم بۆ كابینەی ئێستای حكومەت پێشكەش بكەم، زۆر شانازی دەكەم كە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو و لە ماوەی بانگەشەدا لەگەڵ ئێوە لە حكومەتدا كارم كردووە."

رۆژی 25ی مانگی رابردوو ریشی سوناك، لەلایەن شاچارلسی سێیەم، پاشای بەریتانیا‌وە وەك سەرۆك وەزیرانی نوێی بەریتانیا دەستنیشانكرا دوای ئەوەی بە دەنگی 187 ئەندامی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە سەرۆكی پارتەكە هەڵبژێردرا.



AM:11:31:09/11/2022