کاتی هەڵبژاردنی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی دیاریکرا

هەفتەی داهاتوو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن و پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسیش بە یەكجاری لادەبرێت.  

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی پارتی رایگەیاندووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو، كۆمیتەی ناوەندی كوردستان بە ئامادەبوونی بارزانی كۆبێتەوە، بەمەبەستی هەڵبژاردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی.  

ناوبراو رونیكردەوە "هەڵبژاردنی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی لە یەكەم كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندیدا رێكاری گونجاوی بۆ دیاری كراوە، ئەمجارە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی ژمارەیان لە 15 تا 17 كەس پێكدێت، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسی هەڵدەبژێردرێن و ژمارەیان دیاری دەكرێت،  پۆستی سكرتێری مەكتەبی سیاسیش بە یەكجاری لابراوە".  

پێنجشەممەی رابردوو پارتی لە شاری دهۆك، 14یەمین كۆنرەی خۆی بەست، تیایدا مەسعود بارزانی، وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرایەوە و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیش وەك جێگرانی بارزانی دیاریكران.


PM:04:52:10/11/2022