بەرپرسێكی بزووتنەوە نهێنی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكگرتوو ئاشكرا دەكات


بەرپرسێكی بزووتنەوەی ئیسلامی و كاندیدی دەرچووی ئەو حیزبە بۆ پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی یەكرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان گەمەیەكی خۆیانە بۆ مزایەدەی حیزبی".

كامیل مەحمود، بەرپرسێكی بزووتنەوەی ئیسلامی و كاندیدی دەرچووی ئەو حیزبە بۆ پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "22 تێپەڕیوە بەسەر دەستلەكاركێشانەوەكەی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لەم ماوەی مانگی ڕابردوودا تا ئەم لەحزەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا هیچ نەماوە بەبزوتنەوەو ئەو چەند كاندیدەی نەكرێت كە دوای كۆنگرە ڕۆژنامەوانیەكەی د.شێركۆ جەودەت ناوی ئەو چەند كاندیدەی بزووتنەوەیان هێنایە گۆڕێ بەبێ ئەوەی ئەوان وتبێتیان دەچینە شوێنی ئەو برایانەی یەكگرتوو".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە دەزانین برایانی یەكگرتوو سیاسەت دەكەن و ئەم هەڵوێستی دەستلەكاركێشانەوەیەش گەمە و سیناریۆیەكە و بابەتەكە كۆكردنەوەی دەنگ و مزایەدەیەكی ڕەوایە بەسەر دەسەڵات و ڕكابەرەكانی ناو ئۆپۆزسیۆنیش كەمن ئەو مافەیان پێ دەدەم بۆ بەهێزكردنی خۆیان هەموو گەمەو تەكتیكێك بكەن، لەوانەیە لەو گەمەیەشدا قەرەبوویەكی ناچاریشی بۆ بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانیان تیابێ كە گلەییان زۆرە لەیەكگرتوو،  ئەوانیش لەم نێوەندەدا كورسیەك یان دوانیان لەو پێنج كورسیە بۆ ماوەی ئەم ساڵە زیادكراوەی تەمەنی پەرلەمان پێ بدرێت، واتە كوشتنی چەند چۆلەكەیەك بەبەردێك".

هەروەها وتویەتی "دەپرسن چۆن بزووتنەوە كورسیەك یان دووان دەبات لەو پێنج كورسییە؟ ئەی باقی كورسیەكانی یەكگرتوو؟ ئەگەر چاو بە دەنگی كاندیدەكانی لیستی (بەرەو ئیسلاح)دا بخشێنینەوە دەبینین دوای ئەو پێنج ئەندام پەرلەمانە دەستلەكاركێشاوە چەند كاندیدێكی تری یەكگرتووی ئیسلامی دێن كە دەنگیان لەكاندیدەكانی بزووتنەوە زیاترە".

كامیل مەحمود روونیكردۆتەوە "یەكگرتووی ئیسلامی ئیعازی داوە بەو كاندیدانە كە بەناوی سەربەخۆ و ڕای جیاواز لەیەكگرتوو بێنە پێشەوەو بچنە شوێنی پەرلەمانتارە كۆنەكانیان، یەكگرتوویش تەبەڕا لەهەڵوێستەكەیان دەكات، دوای ئەوانیش لەوانەیە كاندیدێكی پیاو لەگەڵ ژنێك بەكۆتا لەناو كاندیدەكانی بزووتنەوە كورسیان بەركەوێت و ئەوەش لەدەسەڵاتی یەكگرتوودا نییە ئەگینا پێنج كورسیەكەیان هەر دەدایە بەناو سەربەخۆو یاخییەكانی ناو حزبەكەی خۆیان".






PM:06:23:12/11/2022