سلێمانی .. لە بڵاوبوونەوەی پەتایەک هۆشداری دەدرێت


لە سلێمانی پەتایەکی نوێ بڵاودەبێتەوەو پزیشکان هۆشداری دەدەن و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەگەر هەیە کۆرۆنا بێت یان ئەنفلەوەنزا بێت و باس لەوەش دەکەن،ئەو پەتایە مشەخۆر دروستی دەکات و نیشانەکانی هەمەجۆرن و توشبوو دەبێت خۆی کەرەنتین بکات.

زانیار ئاغالە پزیشکی پسپۆڕی هەناوی رایگەیاندووە، "لەم ساتەدا لێشاوێك لە نەخۆشی بڵاوبووەتەوە لە شاری سلێمانی كە نیشانەكانی هەمەجۆرن، بەڵام زۆربەی نەخۆشەكان یەكێك لەم نیشانانەیان هەیە "لەرز و تا، لەش داهێزران، قوڕگ گیران، سەر ئێشە."

ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەو پەتایە، واتە مشەخۆر دروستی دەكات و لە یەكترەوە تووش دەبن، بۆیە پێویستی بە خۆپارێزی جددی هەیە. ئەو پزیشکە دەشڵێت، "ئاستەمە ئەم پەتایە هەڵامەت بێت، چونكە هەڵامەت لە سلێمانی سەرەتای پایز دێت و زۆربەی كات لووت تەڕی و پژمەی لەگەڵە و بەكەمی تای بەهێز دەگرین."

لەبارەی ئەوەی ئەو پەتایە کۆرۆنایە نووسیویەتی، "‎ئەگەر هەیە، لە ئێستادا كۆرۆنا بە فەرمی هێشتا ماوە لە سلێمانی و بەپشكنینی تەواویش كە لێرە پێی دەڵێن پشكنینی لووت دەركەوتووە كە كۆرۆنا هێشتا هەیە."

لەبارەی ئگەری ئەنفلەوەنزاشەوە دەڵێت، "ئەگەری زۆر ئەمەیانە، چونكە لە سلێمانی باوە لە ناوەڕاستی پایز ئیتر ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە و هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكانە، بوونی منداڵ بەكۆمەڵ لەیەك پۆلدا باشترین مۆڵگەیە پەتا تێیاندا بڵاوببێتەوە و لەیەكترەوە بیگرن و ئەوانیش دەهێننەوە بۆ ماڵەوە و كەسوكاریان تووش دەكەن. ئینجا لە منداڵدا زۆربەی كات ئاسانە و نیشانەکانی سوکن، بەڵام ئەنفلۆنزا لە گەورەكاندا بەهێزە و بگرە جاری وایە دەبێتە مردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە."

ئەو پزیشکە ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات لەکاتی توشبووندا ئەم کارانە بکەن:
١.كەسێك نەخۆش كەوت هەروەك ئەوەی كۆرۆنا خۆی قفڵ بكات لەماڵەوە، پشوو بدات و نەچێتە ناو خەڵك و سەردانی پزیشك بكات كاتێك زانی لەرز و تا زیاد لە ڕۆژێكی خایاند.
‎٢.پێویستە دام و دەزگاكان دەبێت مۆڵەتی نەخۆشی بەئاسانی بدەنە هەركەسێك كە پزیشك بۆی بنووسێ.
٣.منداڵ سەرچاوەكەیە زۆربەی كات، بۆیە نەخۆش كەوت نابێت بچێتەوە خوێندنگا و دەبێت لە ماڵەوە بەماسكەوە نزیكی ببیتەوە و نزیك نەبێتەوە لە داپیرە و باپیرەی.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکی مانگێکە بەشێک لە هاوڵاتیان بەدەست توشبوون بە پەتایەکەوە دەناڵێنن کە تاڕادەیەک نیشانەکانی قورسن و باس لەوەشدەکەن، بۆ چاکبوونەوەیان بە گشتی کاتیان پێویست بووە و لەماوەی چەند رۆژێکی کەمدا چاکنەبوونەتەوە.  



PM:04:28:15/11/2022