لەتیف ڕەشید: سێ ساڵە عێراق هەنگاوی باشی نەناوە و نەیتوانیووە بودجە بە باشی خەرج بکات

سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت" سێ ساڵە عێراق هەنگاوی باشی نەناوە و نەیتوانیووە بودجە بە باشی خەرج بکات". 

لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست له‌ دهۆك ڕایگەیاند" هیوادارم وانە لە قۆناغی رابردوومان وەربگرین و هەموو کێشەکانی عێراق بە دیالۆگ و هاوکاری چارەسەری بکەین". 

وتیشی" یەکەم ئەرکی عێراق دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیرییە و دواتر دابینکردنی خزمەتگوزارییە بۆ خەڵک". 

ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی سێ ساڵە عێراق نەیتوانیووە بە باشی بودجە خەرج بکات، هەروەها نەشیتوانیوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەتیف رەشید وتی" دەبێت بەپێی دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێت، نەبوونی یاسای نەوت و غاز یەکێکە لە کێشەکان، هیوادارین پەلە بکرێت بۆ ئەوەی یاسای نەوت و غاز لە عێراق هەبێت".


AM:10:34:17/11/2022