سلێمانی..بەهۆی غازی فرمێسک رێژەوە لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی ١٠٠ خوێندکار تووشی بێهۆشی‌و تەنگە نەفەسی دەبن


بەهۆی دروستبوونی بارگرژی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکارانی زانکۆ لە سلێمانی هێزە ئەمنییەکان بە هەڵە غازی فرمێسک رێژ دەخەنە ناو قوتابخانەیەکەوەو ١٠٠ خوێندکاری بنەڕەتی تووشنی تەنگە نەفەسی و بێ هۆشی دەبنەوەو دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
 ئەمڕۆ جارێکی تر خۆپیشاندانی گەورەی خوێندکاران لە پێناو دەرماڵەو کەمکردنەوەی پارالێڵ لە سلێمانی دەستیپێکردەوە، وەک زۆر جاری تر لە خۆپیشاندانەکاندا بارگرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێنداکاران دروستبوو، بە تایبەتی دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە غازی فرمێسک رێژ هێرشیان کردە سەر خوێندکاران.

  لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی رایگەیاند " پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان لەکاتی بڵاوەپێکردنی خوێندکارانی خۆپیشاندەری زانکۆی سلێمانی، بەهەڵە غازی فرمێسکڕێژیان هەڵداوەتە ناو قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی لە گەڕەکی شەکرەکە لەبەرامبەر بینای پارێزگای سلێمانی، کە نزیک بووە لە خۆپیشاندەرەکانەوە."   
  
هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەهۆی رووداوەکەوە نزیکەی ١٠٠ خوێندکاری بنەڕەتی، تووشی بێ هۆشی و تەنگەنەفەسی و چاوکزانەوە بوون.   
  
" تیمەکانمان بە ئەمبوڵانس فریایان کەوتن و سەرجەم خوێندکارەکانیان چارەسەر کرد و رەوانەی ماڵەوەیان کردنەوە"( سامان نادر وتی).

نزیکەی دوو هەفتەیە خۆپیشاندانی زانکۆ و پەیمانگاکانی دەڤەری سەوز بەردەوامن لە خۆپیشاندان و تا ئێستا هیچ ئاسۆیەک نییە بۆ چارەسەر.



PM:03:17:20/11/2022