"بە توندترین شێوە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرکۆنە دەکەین"

کەمێک پێش ئێستا حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بە توندترین شێوە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچە سنورییەکانی هەرێم سەرکۆنە دەکات. 

حکومەتی ماوەبەسەرچووی ھەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" بە توندترین شێوە ھێرشی شەوی ڕابردوی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین، پێشێلکاری بەردەوامی سەروەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە، ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا وڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە".

لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا حکومەتی هەرێم (ماوەبەسەرچوو) داوا لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات" ئەم شاڵاوە لە دژی ھەرێمی کوردستان ڕابگرێت، چونکە سەقامگیری، ھەرگیز لە ڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت". 

هەروەها داواش لە حکومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەکات" کە ھەڵوێستێکی ڕوون و ڕاشکاویان بەرامبەر ئەم ھێرشە بەردەوامانەی ئێران ھەبێت". 

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن و مووشەک هێرشکەکانی بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە قەزای کۆیە و جێژنیکان لە بەحرکەی هەولێر دەستپێکردەوە، لە ئەنجامیشدا پێشمەرگەیەک بە ناوی بێهزاد ئیسکات ناسراو بە (چیاکۆ) شەهید بوو، هەروەها حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیش لە زڕگوێزی سنوری پارێزگای سلێمانی کرایە ئامانج، کە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.


AM:11:39:21/11/2022