خوێندنی باڵا بڕیارێكی دیكەی لە بەرژەوەندی دەرچووان دەركرد


107 خوێندكاری دیكە لە كۆلێژەكانی (پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەرگیران.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ماوەی ڕابردودا بەشێك لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو داواكارییان پێشكەش بە وەزارەت كرد بۆ وەرگرتنیان لە كۆلێژە پزیشكییەكان بەشێوەی پارالێل، بۆ ئەوەش داوای زیادكردنی كورسی پارالێڵیان كرد، بۆ ئەمەش داوكارییەكەیان لە كۆبونەوەی ژمارە 7ی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕاسپاردەی لیژنەیەك كرا بۆ دیراسەكردن و دیاریكردنی ژمارەی كورسییەكان بەپێی توانای زانكۆكان.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "لیژنەكە تاوتوێی سەرجەم لایەنە زانستییەكانی بابەتەكەو ژمارەی كورسیەكانی بەپێی توانای زانكۆكان لەسەر ئاستی هەریەك لە كۆلێژەكان كرد، لە ئەنجامداو لە ژێر ڕۆشنایی پێشنیازەكانی لیژنەكە، وەزارەتەكەمان بڕیاریدا بەوەرگرتنی 107 خوێندكاری دیكە لە كۆلێژەكانی (پزیشكی گشتی، پزیشكی ددان، دەرمانسازی) بەشێوەی پارالێل".

خوێندنی باڵا وتویەتی "جگە لەو دەرچوانەی كە ساڵی پار خۆیان لە كۆلێژەكانی پزیشكی گشتی وەرگیرابوون، هەمو ئەو دەرچوانەی كە ساڵانی ڕابردو پۆلی 12یان تەواو كردبوو، بەڵام ئەمساڵ دوبارە داواكارییان پێشكەش كردبو تا بەسیستمی پارالێل لە كۆلێژە پزیشكییەكان وەربگیرێن، لە ئەنجامدا سەرجەمیان چونە پێشبڕكێی وەرگرتن بۆ كورسییە زیادكراوەكان، لە ئەنجامدا 107 خوێندكاری دیكە لە دەرچوانی ساڵانی ڕابردو وەرگیران، كە ناوەكانیان و كەمترین كۆنمرەی وەرگرتنیان لەم لیستەی خوارەوەدا هاتوە".



PM:06:07:21/11/2022