مەزڵوم کۆبانێ لەبارەى تەقینەوەکەى ئیستەنبوڵ زانیارى نوێ دەخاتەڕوو

فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دوایین زانیارییەکان لەبارەی تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ئەو ژنەى، كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیاوە دەستگیركرابوو سەر بە ڕێکخراوی داعشە". 

مەزڵوم کۆبانێ  فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مۆنیتەر سەبارەت بە (ئەحلام بەشیر) ئەو ژنەى كە لەلایەن توركیاوە دەستگیركرابوو بەهۆی ئەنجامدانی تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ رایگەیاند" ئەحلام بەشیر خەڵکی سوریایە، سێ جار هاوسەرگیری ئەنجامداوە لەگەڵ سێ چەکداری داعش". 

کۆبانێ وتیشی" ئەو ژنە کە بە تۆمەتی تەقینەوەکانی ئیستەنبوڵ دەستگیرکراوە لە خێزانێکەوە هاتووە پەیوەندییان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە هەیە، سێ برای لە ریزەکانی داعشدا کوژراوە، یەکێکیان لە رەققە کوژراوە، دووەمیان لە مەنبەج و سێهەمیشیان لە ناو ریزەکانی داعشدا لە عێراق کوژراوە". 

جەختیشیکردەوە" بە هیچ شێوەیەك پەیوەندیمان بە بۆردومانەكەوە نییە و سیاسەتێكی لەو شێوەیەشمان نییە". 

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە تەقینەوەیەك لە شاری ئیستەنبوڵ ڕوویدا، کە بەهۆیەوە شەش کەس گیان لەدەستدا و زیاتر لە ٨٠ كەسی دیكەش برینداربوون.


PM:01:00:23/11/2022