راهێنەری فەرەنسا بنزیمە بێ هیوا دەکات

دیدیە دیشامپی ڕاهێنەری فەرەنسا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی کەریم بنزیمە بۆ کەمپی هەڵبژاردەی نیشتمانی و بەشداریکردنی لە مۆندیال ئاشکرا کرد.

 زۆرێک لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئەگەری گەڕانەوەی کەریم بنزیمەیان بۆ قەتەر بەرزکردەوە بەمەبەستی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی فەرەنسا کە بەشداری مۆندیالی قەتەر 2022 دەکات، دوای ئەوەی پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتیەکە بەهۆی پێکانەوە لە ڕانی چەپی کەمپەکەی جێهێشت.


 دیشامپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ یارییەکەی تونس وتی: من نیگەران نیم لەم بابەتە، ئێوە دۆخەکە دەزانن؛ دوای ئەوەی کەمپەکەی بەجێهێشتووە لەگەڵ بنزیمە قسەم کردووە، هەمووان چوارچێوەی کاتی گەڕانەوەی لە پێکان دەزانن.

 هەڵبژاردەی فەرەنسا سبەی، لە قۆناغی سێیەمی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیال، کاتژمێر شەشی پاشنیوەڕۆ، لەگەڵ هاوتا تونسییەکەیدا کۆدەبێتەوە.

 لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا دوای کۆتایی هاتنی کۆنفرانسەکە، دیشامپ کۆتایی بەو مشتومڕە هێنا و وتی: بنزیمە ناگەڕێتەوە بۆ کەمپەکە.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، تیپەکەمان بەهێزە و پێویستە پشت بە هەموو ئەو یاریزانانە ببەستم کە هەمە.

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی، ڕووبەڕووی ڕکابەرێک دەبینەوە کە پێویستی بە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی ئەرێنی هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوێت، بۆیە هەوڵدەدەین باشترین ئەنجام بەدەستبهێنین، منیش پشوویەک بە تیپی تونس نادەم لە یارییەکەدا.

 کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا بەنیازە گۆڕانکاری لە پێکهاتەکەدا بکات، وەڵامی دایەوە: "گۆڕانکاری ڕوودەدات، بەڵام من باسی ئەوانتان بۆ ناکەم. لە 4 ڕۆژدا."

 ئاماژەی بەوەشکردووە، کاماڤینگا دەتوانێت وەک بەرگریکاری چەپ یان تەنانەت وەک بەرگریکار یاری بکات، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی بەشداریکردنی، وەک چۆن پێشتر لەم پۆستەدا یاریی کردووە.

 هەڵبژاردەی فەرەنسی بە کۆکردنەوەی ٦ خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە،  سەرکەوتووە بۆ قۆناغی ١٦ی پاڵەوانێتییەکە.  ئوسترالیا بە کۆکردنەوەی ٣ خاڵ لە دوای ئەوەوە دێت، دواتر دانیمارک و تونس لە پلەی سێیەم و چوارەمدان و هەریەکەیان بە یەک خاڵ.

 


PM:01:08:29/11/2022