"قازانجی مانگانەی پاڵاوگەی لاناز 25 ملیۆن دۆلارە"


عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت "پاڵاوگەی لاناز قازانجی لە بەنزین و سوتەمەنی مانگانە نزیكەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، مەیكەن بە منەت بەسەرمانەوە."

عەلی حەمەساڵح، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی وزە لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە "نەوتی ڕۆژئاوا بە هەرزان دەكڕن لەگەڵ نەوتی عەینزالە، تەنیا بۆ ئەوانە(لاناز)و كەس بۆی نییە نزیكی ببێتەوەو دەیپاڵێون و لیترێك بەنزین بە (١٠٥٠ دینار) دەدەنە حكومەت و حكومەتیش بە (٨٠٠) دینار دیفرۆشێتەوە. واتە: لەداهاتی گشتی پارە دەدرێتە لاناز."

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "تەنیا لە بەنزین مانگانە نزیكەی ١٢ ملیۆن دۆلاری قازانجە، جگە لە گازوایلەكەی. گازوایلەكەی كوالێتی باشە، بەبێ مۆڵەت ڕەوانەی توركیای دەكات، قازانجی چەندین ملیۆن دۆلارە. بۆ بازاڕی كوردستانیش خراپترین گازوایلی ژەهراوی لە گۆڕەپانەكان تێكەڵ دەكرێت. جگە لە فرۆشتنی نەوتی ڕەش و قیر بە بازرگانی."

هەروەها وتویەتی "تێكڕای قازانجی مانگانەی نزیكەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە. واتە: نەوتی خام بە نرخێكی هەرزان دەستبكەوێت و بەرهەمە نەوتیەكان بە گران بفرۆشیت. ئەمە كوێی دەستكەوتە."




PM:11:50:29/11/2022