"لە سەهەند دراوە، لەرووی یاساییەوە نابێت لە ٢٠ رۆژدا دۆسیەی گیان لەدەستدانی نێوجەوانێک دابخرێت"


پارێزەری کەیسی گیان لەدەستدانی سەهەندی ١٧ ساڵ کە لە بەندیخانەی پۆلیسی سەرچنار لە سلێمانی گیانی لەدەستدا، رایگەیاند" دادگا کەیسی گیان لەدەستدانی سەهەندی لە ٢٠ رۆژدا داخست، لەکاتێکدا لەرووی یاساییەوە نابێت دادگا ئەو کارە بکات."


لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، ئەحمەد محەمەد مەحمود پارێزەری کەیسی گیان لەدەستدانی سەهەندی ١٧ ساڵ رایگەیاند " سەهەند پاش گرتن و هەڵهاتنی دەستگیرکراوەتەوە و زۆر لێی دراوە و گیانی لەدەستداوە و گیان لەدەستدانەکەی گوماناوی بووەو دیمەنی لێدانەکەشی لە کامێراکاندا بڵاوکراوەتەوە".

ئەو پارێزەرە کە ئێوارەی ئەمشەو دوو شەممە لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند" دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ٧ کەیسەکەی داخست، لەکاتێکدا ئەو دۆسیەیە تایبەتمەندبوو بە دادگای لێکۆڵینەوەی ٨ و بە فەرمانی دادگا کەیسەکان جیاکراونەتەوە، ئەو بنکە پۆلیسەی رووداوەکەی تێیدا روویداوە سەر بە دادگای لێکۆڵینەوەی ٧ـە و ناکرێت دۆسیەکە لای ئەوان بێت".

ئەحمەد محەمەدی پارێزەر سەرسوڕمانی خۆی راگەیاند لە داخستنی دۆسیەکەو وتی" ماوەی ٢٠ ساڵە پارێزەرم، بۆ یەکەمجارە ببینم کەیسی تاوانێکی لەو جۆرە و بەو قەبارە گەورەیە، کە هەشت پۆلیسی لەسەر دەستگیرکراوە، سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە دەردەکەوێت چۆن ئەشکەنجە دەدرێت، بەو خێراییە و لەماوەی ٢٠ رۆژدا دابخرێت."

ئەو پارێزەرە ئەوەشی خستەڕوو، "لەسەر بنەمای راپۆرتی پزیشکی دادی یەکەمجار چەند خاڵێک هەیە بە ناراستەوخۆ باس لەوەدەکات بەهۆی بەرکەوتنی زەبرەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام لە راپۆرتی دووەمدا زانیاری دژ هەیە."

زیاتر درێژەی پێدەدات و دەڵێت "سەهەند کە لێی دراوە سەری تەقیێندراوە و بەڵگەی ڤیدیۆیی هەیە، ڤیدیۆکانی بنکەکەش سڕاونەتەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەشێکی ڤیدیۆکانمان هێناوەتەوە و ئەوانی دیکەش دەهێنرێنەوە."

ئەحمەد محەمەدی پارێزەری کەیسەکە رایگەیاند"کەیسەکە تەمیز دەکەینەوە و پێویست بکات، نەک دادگا، پارێزگاشی بۆ دەگۆڕین و کەیسەکەی بۆ دەبەین."



PM:06:53:05/12/2022