هونەرمەندێکی کورد لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا

هونەرمەند سامان یاسین خەڵکی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دەستگیرکردنی لە لایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرا. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسینی تەمەن ٢٧ ساڵ، گۆرانیبێژ و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی حکومەت لە شاری تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵواتی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و بڕیاری دادگا لەسەر ئەو سزایە بە فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە.

بنەماڵەی سەیدی لە لێدوانێکدا بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە" سامان یاسین لە کاتی دەستگیرکردنییەوە تا کاتی سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا، لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش بووە و دۆسیەی ناوبراو بە مەبەستی پێداچوونەوە بەو بڕیارەدا بۆ دوایین جار ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات (ئێران) کراوە".

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، گۆرانیبێژ و ڕاپەڕی خەڵکی کرماشان دانیشتووی شاری تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بەهۆی پشتیوانی کردنی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی دەستگیرکرا. 

سامان یاسین چەندین گۆرانی کوردی لەسەر دۆخی بێکاری، زوڵم و زۆرەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکردووەتەوە، هەروەها لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بە بڵاوکردنەوەی چەندین پۆست و ستۆری پشتیوانی خۆی لە شۆڕش و سەرهەڵدانی ئەم دواییەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەربڕیووە. 


AM:12:02:09/12/2022