ئەمساڵ 67 رۆژنامەنووس كوژراون


فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت، لەمساڵدا ٦٧ ڕۆژنامەنووس و كارمەندی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە سەرانسەری جیهان كوژراون. 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان لە ڕاپۆرتێكدا ئاماری ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بڵاوكردوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ كوژراون و دەستگیركراون، بە پێی ڕاپۆرتەكە، بە تەنها لە ئەمساڵدا ٦٧ ڕۆژنامەنووس كوژراون، لەكاتێكدا لە ساڵی ڕابردوودا ٤٧ ڕۆژنامەنووس كوژران.

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، بەرزبوونەوەی ڕێژەی كوشتنی ڕۆژنامەنووسان هۆكارەكەی، شەڕی ڕووسیا لە ئۆكرانیا، ئاژاوەكان لە هایتی و بەرزبوونەوەی توندوتیژیی لەلایەن گروپە تاوانكارییەكان لە مەكسیك بوون.

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە، لە ئێستادا ٣٧٥ ڕۆژنامەنووس بەهۆی ئەنجامدانی كارەكانیانەوە لە زینداندان كە زۆربەیان لە وڵاتانی چین و میانمار و توركیا دەستگیركراون. لە ڕاپۆرتەكەی ساڵی ڕابردوودا دەستگیركردنی ٣٦٥ ڕۆژنامەنووس تۆماركرابوون.

فیدڕاسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان نوێنەرایەتی ٦٠٠ هەزار ڕۆژنامەنووس لە ١٤٠ وڵاتی جیاوازدا دەكات.




PM:03:23:10/12/2022