ئاوات شێخ جەناب ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێم و بەغداد ئاشکرا دەکات

وەزیری دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" وەزارەتی دارایی عێراق لە تەواوی ئەمساڵدا تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە". 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامی شاندی حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد لە لێدوانێکدا بە پێگەی فەرمی حکومەتی ڕاگەیاند" بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشە بوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوون، کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بە تەواوەتی چارەسەر کرد". 

وتیشی" کۆکبووین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد" وەکو وەزارەتی دارایی و ئابوری، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کردووە و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن، دوای هەوڵەکانی شاندەکەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە پارەی دوو مانگی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت". 

ئاوات شێخ جەناب ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی دیکە، تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترن و دەرئەنجامی گفتوگۆیەکان بە دڵی هاووڵاتییان دەبن، هەوڵی زۆریشیان داوە بابەتی بوودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن. 


PM:04:51:14/12/2022