عەلی حەمە ساڵح:
سەرۆکی یەکێتی:داهات سێ هێندە زیادی کردوە! بۆ پێشتر کەم بو؟


عەلی حەمە ساڵح پەرلەمانتاری کوردستان لەبارەی پرۆژەی ( شەفافیەتی )، قوباد تاڵەبانییەوە دەڵێت" هەنگاوێک بە ئاراستەی شەفافیەت دەینرخێنم" هەروەها دەشڵێت: سەرۆکی یەکێتی وتی: داهات سێ هێندە زیادی کردوە! بەچی؟ ئەی بۆ پێشتر کەم بو؟.

 
لە نووسینێکدا عەلی حەمە ساڵح دەڵێت " لە بارەی پرۆژەی(شەفافیەتی) قوباد تاڵەبانی من لەو کەسانە نیم… هەموو شت ڕەتبکەمەوە.. هەر هەنگاوێک بەئاراستەی شەفافیەت بێت دەینرخێنم. ئەم پرۆژەی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەگەر وەک هەنگاوی یەکەم ببیندرێت و چەندین هەنگاوی دیکەی بەدوادابێت کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر تەنیا بە خستنەڕووی ئەم چەند داتایەی داهات بێت، ناتوانین ناوی بنێین شەفافیەت. پاشان… مەرج نیە هەرچی شەفاف بوو، واتە: چاکسازی دروستی تێداکراوە".

هەروەها دەشڵێت " دەبێت شەفافیەت لە داهات و خەرجیدا هەبێت، شەفافیەت بەبێ چاکسازی بەهایەکی ئەوتۆی نیە.. چی کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵی سنوری؟ بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەناڕەوا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەن لە خاڵی سنوری؟ زیادبوونی جوڵەی بازرگانی".

دەقی نووسینکەی عەلی حەمە ساڵح
دەبێت شیکردنەوە بۆ داتا بکرێت
لە بارەی پرۆژەی(شەفافیەتی) قوباد تاڵەبانی 
من لەو کەسانە نیم… هەموو شت ڕەتبکەمەوە.. هەر هەنگاوێک بەئاراستەی شەفافیەت بێت دەینرخێنم. 
ئەم پرۆژەی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەگەر وەک هەنگاوی یەکەم ببیندرێت و چەندین هەنگاوی دیکەی بەدوادابێت کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر تەنیا بە خستنەڕووی ئەم چەند داتایەی داهات بێت، ناتوانین ناوی بنێین شەفافیەت. 
پاشان… مەرج نیە هەرچی شەفاف بوو، واتە: چاکسازی دروستی تێداکراوە. 
سەرنجەکان.. 
یەک: شەفافیەت دەبێت لە داهات و خەرجیدا بێت.. بەشێکی گەورەی گەندەڵی لە کوردستان لە خەرجیدایەو ئەم پرۆژە باسی خەرجی تێدا نیە.. 
دوو: خستنەڕووی داتا بە تەنیا بەس نیە.. شیکردنەوەی داتاکان گرنگە.. هەر لەم ساڵدا مانگ هەبووە داهاتی سلێمانی(٤٠ ملیار) دینار بوە، مانگی پێشووش (١٠٣ ملیار ) بوە. نیوەی ئەم مانگەش (٣٥ ملیار) دینارە! ئەم جیاوازیە زۆرانە چۆن دروستدەبێت… 
هەندێک مانگ، کۆی داهاتی خاڵە سنوریەکانی سلێمانی (٥٤ ملیار) دینار بوە، هەندێک مانگیش کەمتر لە (٢٥ ملیار) دینار….
سەرۆکی یەکێتی وتی: داهات سێ هێندە زیادی کردوە! بەچی؟ ئەی بۆ پێشتر کەم بو؟ 
دەبێت شیکردنەوە بۆ داتا بکرێت.. 
چاکسازی راستەقینە 
یەک: سلێمانی مانگانە کۆی خەرجیەکانی ( تەواوکردنی موچە، نەسریە، کۆکردنەوەی خاشاک) لەسەر حسابی داهاتی خۆی چەندە؟ ئەوەی من دەزانم بەبێ پرۆژە نزیکەی (١١٥ ملیار) دینارە.. بەچی پڕدەکرێتەوە؟. ئەم داهاتە بەردەست نەبوو چی؟ ئەی چارەنووسی ئەو سەدان پرۆژەی وەستاوە؟ 
دوو: دەبێت شەفافیەت لە داهات و خەرجیدا هەبێت، شەفافیەت بەبێ چاکسازی بەهایەکی ئەوتۆی نیە.. چی کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاڵی سنوری؟ بۆ ئەو کۆمپانیایانەی بەناڕەوا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارەن لە خاڵی سنوری؟ زیادبوونی جوڵەی بازرگانی..
چی کراوە بۆ ئەوەی زەوی ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت نەک حیزب و شەخس و چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو.. زەوی دەکرێ یەکێک بێت لە سەرچاوە گەورەکانی داهات. سەدان ملیۆن دۆلار لە زەویدا براوە..
بەرپرسی سەربازی هەیە خاوەنی سەدان ملیۆن دۆلارە بەزەوی.. یانەی وەرزشی هەیە بە بردنی زەوی و فرۆشتنی دەبوو بە ئەندازەی ڕیال مەدرید دەوڵەمەند بێت.. ئێستاش چاویان لە بردنی چەند زەویەکی دیکەی نایابی سلێمانیە..
سێ: چاکسازی و شەفافیەت لە خەرجیدا پێویستترە.. پارەیەکی زۆر بۆ نەسریەی هێزی سەربازی خەرجدەکرێ.. هەزاران کەس بە نایاسایی موچە وەردەگرن.. ئایا ئەمە چاکسازی تێدا دەکرێت..
تێبینی: ئەم نوسینە لەسەر پرۆژەکەی جێگری سەرۆکی حکومەتە.. ئەگەرنا شەفافیەت و چاکسازی دەبێت سەرتاسەری بێت دۆسیەی نەوت و زەوی و گومرگ و گرێبەستەکان و هێزی ئەمنی و سەربازی دادگا…. هتد لە سەرتاسەری کوردستاندا بگرێتەوە. 



PM:08:16:16/12/2022