یەکێتی و پارتی هەنگاوی یەکەم بە گۆڕینی پۆستە حکومیەکانیان دەستپێدەکەن

یەکێتی و پارتی نزیکبوونەتەوە لە رێککەوتن و لێتێگەیشتنەکانیان لەگەڵ یەکتر لە پێشکەوتندایەو گۆڕینی پۆستە حکومییەکان هەنگاوێکە بەو ئاراستەیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە " سپی " راگەیاند کە یەکێتی و پارتی هەردووکیان بڕیاریان داوە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە حکومەتدا بکەن، لەوانە پارتی بڕیاری هەیە کە هەموو ئەو بەرپرسانەی بوونەتە مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە و پۆستی حکومیان هەیە دەبێت کاری حیزبی بکەن و شوێنەکانیان لە حکومەت بە کاندیدی تری پارتی پڕبكرێنەوە، هەروەها یەکێتیش سێ پۆستی هەیە، هەر بۆیە هەردوولا دەبێت رێکبکەون لەسەر ئاڵوگٶڕ لەو پۆستانەدا، ئەمەش بەبێ تێپەڕکردنی بە پەرلەماندا ئەنجام نادرێت، هەر لەم روانگەیەوە دەبێت هەردوولا رێکبکەون لەسەر سازدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان لەسەر ئەم پرسەو تەنها بە یەک لایەنیان ناکرێت.

هەر ئەمڕۆش مەکتەبی سیاسی یەکێتی بڕیاری لەسەر دانانی رێباز بیرکۆتی بە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسکەری بە وەزیری ناوچە جێناکۆکەکان و سەرکەوت حەسەنیش بە بریکاری وەزیری ناوخۆ دەرکرد، هەروەها پارتیش بۆ جێگرتنەوەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی کە لەپۆستی وەزیردان کاندیدەکانی ئامادەیە.

ئەو سەرچاوەیەی سپی، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەم هەنگاوە هەردوولا زیاتر نزیک دەکاتەوە لە تێگەیشتن لە یەکتری و گەیشتنی بەرێککەوتن و، چالاککردنەوەی حکومەت و گەڕانەوە جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ سەر کارەکانی لە هەولێر.

بەهۆی پشووەکانی سەری ساڵی نوێوە گۆڕینی پۆستە وەزاریەکانی هەردوولا ( پارتی و یەکێتی ) دەکەوێتە ساڵی نوێوە، چونکە ئەو پرسە پەیوەندی بە کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە هەیە، بەلآم بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی پارتی و یەکێتی ئەگەر هەیە کە پێش سەری ساڵیش کۆبوونەوەکان دەستپێبکات، هاوکات ئەو ئەگەرەش هەر گونجاوە کە بکەوێتە دوای ئاهەنگەکانی سەری ساڵ.

ئەو سەرچاوەی ئاشکرای کرد گۆڕینی وەزیرەکان بەشێکە لە پاکێجێکی فراوانتر کە رێککەوتنی هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی یە.    
 



PM:09:03:22/12/2022