وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی زانیاری سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەدات


وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی ‏دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لەوە زیاتر بەرز نابێتەوە كە ئێستا هەیە و هۆكارەكەشی بۆ ‏باشیی دۆخی ئابووریی عێراق دەگەڕێنێتەوە.

جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی ‏سلێمانی بە (سپی)ی راگەیاندوە، ‏بەهۆی ئەوەی سەرچاوەی سەرەكی دارایی عێراق لە نەوتەوەیە ‌و نەوتیش ‏نرخی بەرزە، بۆیە لە ماوەی رابردوودا ئابووریی عێراق گەشەی باشی كردووە و ‏هەر ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزیی دینارەكەی.
 
ناوبراو روونیكردۆتەوە، ئێستا لە بانكی ‏ناوەندیی عێراق 96 ملیار یەدەگی دۆلار ‌و نزیكەی 134تۆن زێڕ هەیە كە ‏ئەوانە دەبنە پاڵپشتییەكی باش بۆ بەهێزیی دیناری عێراقی، بۆیە 100دۆلار ئەگەر ببێتە 155هەزار دیناریش، كاتی دەبێت، نرخی ‏‏100 دۆلار نابێت لە 149 هەزار دینار زیاتر بێت.‏
 
هەروەها وتویەتی "ئێمە لە كوردستان نزیكەی 2200 كۆمپانیای ‏ئاڵوگۆڕی دراومان هەیە، دەمێكە داوا لە بانكی ناوەندیی عێراق دەكەین ‏بەشێك لەو دۆلارەی دەیخاتە بازاڕەوە كە نرخەكەی بۆ 100 دۆلار ‏‏146 هەزار دینارە، بە كۆمپانیاكانی دراو لە كوردستانی بفرۆشێت‌، بەڵام ‏تاوەكو ئێستا داواكەیان جێبەجێ‌ نەكردووین".‏



PM:02:09:24/12/2022