رۆژنامەنووسێکی دەرەوەی یەکێتی پێشنیاری ئاشتبوونەوەی سلێمانی بۆ بافڵ تاڵەبانی دەکات


رۆژنامەنووسێکی کۆنی یەکێتی، کە ئێستا لە دەرەوەی یەکێتیە، پێشنیار دەکات بۆ ئاشتکردنەوەی سلێمانی بافڵ تاڵەبانی ئەم موڵکانە لە مەسولەکانیان وەربگرێتەوە.

رەزاق شەریف رۆژنامەنووس لە نووسێنێکدا بە ناونیشانی سلێمانی چۆن ئاشتبکەینەوە، پێشنیار بۆ بافڵ تاڵەبانی دەکات کە ئەم موڵکانە وەربگرێتەوە:

-  دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون
-  بێشەکان و باخەکان بەسەر مەسولەکان و ئیدارەی گشتی دابەشکراون. 
 - ( خانوەکانی مەنسەب) هەریەک هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ کراون 
- سەرجەم یانەکانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون 
- شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەکانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون
- کارگەی چیمەنتۆکە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە
-  سەیرانگای نەورۆز لەنێوان کێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی تاپۆی کرد و جەلال و خانەوادەکەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەکردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون.
 - زەویەکانی شەقامی سەرەکی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی کران) و بەسەر مەسولەکانا دابەشکران
لەم هەمو موڵک و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەک پارچەشیان نەماوە.
دەقی نووسینەکە..

 
سلێمانی چۆن ئاشت بکەینەوە ؟

ناونیشانی ئەم وتارە، پرسیارێکی جەوهەری مام جەلال بو .! دوای هەڵبژاردنی مانگی نۆی دوهەزار و نۆ، لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بیستوپێنج کادری (ی ن ک)دا، کەتایبەت بەمەبەستی وەڵامی ئەو پرسیارە بۆ قەڵاچوالان و ماڵەکەی داوەتی کردبوین .
ـ پرسیارێک ئەکەم و ئیتر پێچەوانەی هەمو کۆبونەوەکانم من قسە ناکەم! گوێ لەوەڵامی ئێوە دەگرم و ئەنوسم، بەئازادی وەڵامم بدەنەوە، دوو رۆژ کاتم بۆ وەڵام و قسەکانتان هەیە .!
مام جەلال ئەم قسەیەی کرد و قەڵەمەکەی خستە سەر ئەو لاپەڕە سپیانەی کەبەشێوەیەکی ناڕێک لەسەر مێزێکی بچوک لە هۆڵێکی گەورەدا لەبەر دەستیا دانرابو . 
وەک ئیمامی تەزبیحێک لەسەرەوە و ئێمەش دەنکە وردەکانی بازنەیەکمان بۆ دروستکردبو، هەر خۆشی وتی بەسەرە و بەریز دەست پێبکەن .
پێچەوانەی خوڵقی خۆی لە هیچ وەڵامێک توڕە و دڕدۆنگ نەئەبو، بۆیە هەتا نۆرە ئەچوە سەر ئەویتر، قسەکانمان توندتر و ئازا و ئازادانەتر ئەبو، من دواکەس دوام، پێش منیش هاوڕێ سوارە پێی وت (مام جەلال ئەم ئیشەی تۆ لەبەغدا ئەیکەیت بۆ کورد بێسودە و هیچت نەکردوە و هیچیشت پێ ناکرێت، وەک ئەوە وایە پوش لە کا ببژێریت).
ـ کارێک هەیە بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵکی سلێمانی تەنیا بەتۆ دەکرێت، ئەتوانی ئێستا بڕیار بدەیت هەرچی زەوی و بینای موڵکی گشتی خەڵکی ئەم شارە کەلەلایەن (ی ن ک) ەوە براوە و لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە بگەڕێتەوە بۆ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیەکانیان …
من ئەو قسەیەمکرد و چەندین نمونەشم خستە روو کەهەندێکیان بۆ بەرژەوەندی شەخسی چەند بەرپرسێکی یەکێتی بەکار دەهێنران .
لەسەرسوڕمان و بێدەنگی ئەویشا خوێندمەوە کەپێی وایە ئەو زانیاریانەی لەسەر گەندەڵی یەکێتی و مەسولەکانی هەیەتی کەسیتر وردەکاریەکانی نازانێت .!
چەند رۆژێکە و باڤڵی کوڕە گەورەی جێنشینی مام، وەک باوکی باسی ئاشتبونەوەی یەکێتی و خەڵکی پارێزگای سلێمانی دەکات . بە کارکردن بۆ گەڕانەوەی دۆخی سەرچنار بۆ ساڵانی پێشوتری، بەدروشمی پارێزگاری لە بەها ئاینی و کۆمەڵایەتیەکان هەڵمەتێکی دەستپێکردوە و بەڵێنی بەردەوامی ئەدات .
هەواری سەرچنار، لەگەڵ دروستبونی شاری سلێمانیدا، شوێنی سەیران و کەیف و سەفا و مەیخواردنەوە بوە، لە سەدان تێکستی ئەدەبی و هونەری پیاوە ناودارەکانیدا، وەسفی جوانی و گەورەیی کراوە، هەڵەیەکی گەورە لە مێژوی پیشەسازی عێراقدا کرا کە زیاتر لە تۆڵە کردنەوە لە شارەکە ئەچو نەک ئاوەدانکردنەوە ! کارگەی چیمەنتۆیان لەوێ دروستکرد، کارێکی باشکرا درەنگ وەخت راستکرایەوە و گواسترایەوە .
ئەو نمونانەی پێش سیانزە ساڵ بۆ سکرتێری گشتیم باسکرد تەنیا موڵکە داگیرکراوەکانی شەقامی سالم بوو، لە (ئوتێل سلێمانی) یەوە وەک رێوڕۆیشتن پیایدا هاتم و نەگەیشتمە( یانەی شەوانەی سەناعە ) کە دواتر نەما و درا بە ئیدارەی گشتی و سەرمایەدارێک، ئیتر کیفایەتی پێهێنام . 
ئەمەی ئێستاش ئەینوسم ئەوانەی سەرچنارن و بۆ سەرۆکی ئەنێرم، بۆ ئەوەی وەک (یانەی شەوانەی سەناعە) دوای داخستنیان نەکرێن بە ئوتێل و پرۆژەی بازرگانی هاوبەش، بەڵکو رێگە دروستەکە بگرێت و تاپۆکانیان بگەڕێنێتەوە بۆ موڵکی گشتی و فەرمانگە رەسمیەکانی خۆیان، ئەو بڕیارەش تەنیا بەسەرۆکایەتی ئەو لە یەکێتیدا ئەدرێت و کەسیتر .
دەستخستنی زانیاریەکان بۆ سەرۆک هیچ گران نین، وەک دەستخستنی (ئیزبارە و سجلی ئەساس)ی موڵکەکانی قادرکەرەم مەکە .! کەئەبوا کەسێکی خۆتت راسپاردایە وێنەیەکی لەبەر بگرتنایەتەوە و بۆی رەوانە بکردیتایە، چونکە دواجار وێنە ئۆرجیناڵەکە شوێنەکەی دائیرەی تاپۆیە، موڵکی وەزارەتی عەدلی عێراقیە و وێنەیەکی تریش هەر لەو وەزارەتە لە بەغدا هەیە، کەساڵانێکی زۆرە وەزیرەکەی کورد و یەکێتیە .
لە سەرچنار :
* دوو ئوتێلی پێنج ئەستێرە دیار نەماون
* بێشەکان و باخەکان بەسەر مەسولەکان و ئیدارەی گشتی دابەشکراون 
* (خانوەکانی مەنسەب) هەریەک هەزاران مەتر بوو، لەسەر هەندێ مەسول تاپۆ کراون 
* سەرجەم یانەکانی لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون 
* شاری یاری و هەوارگەی تاڤگە، هەوارگەکانی چەق چەق لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراون
* کارگەی چیمەنتۆکە لەسەر ئیدارەی گشتی تاپۆ کراوە
* سەیرانگای نەورۆز لەنێوان کێشەی جەلال خەفاف و نەرۆزدا، مەکتەبی شەهیدانی یەکێتی تاپۆی کرد و جەلال و خانەوادەکەی هانایان بۆ مەسعود بارزانی برد ! ئەویش هیچی بۆ نەکردن و شاربەدەر و ئاوارەی دەرەوە بون 
* زەویەکانی شەقامی سەرەکی بۆ ناو سەرچنار (بەبازرگانی کران) و بەسەر مەسولەکانا دابەشکران
لەم هەمو موڵک و زەویانەی بەڕێوەبەرایەتیەکانی( شارەوانی ، زەراعە و سیاحە ) یەک پارچەشیان نەماوە .! گەر ئەتەوێت بەراستی خەڵکی سلێمانی ئاشت بکەیتەوە ؟ سەرۆک داوای وێنەیەکی ( ئیزبارە و سجلی ئەساس ) ی موڵکەکانی سەرچنار بکە و لیژنەیەکی شارەزای تاپۆش، ئەتوانن هاوکاریت بکەن، بەڵام لەو کارمەند و بەڕێوەبەرانە نەبن کە وەک غەنیمەی شەڕ رەفتاریان لەگەڵ موڵکی گشتی شاری سلێمانیدا کرد . 
سەرۆک ئەو موڵک و زەویانە بگەڕێنەرەوە بۆ خەڵکی شار، گەر ئەوەت جێبەجێکرد، بەڵێن بێت تەواوی موڵک و زەویە گشتیەکانی (دزراو و داگیرکراو)ی شاری سلێمانیت بۆ ئەنوسم و هەموشمان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانا ئاشت ئەبینەوە .



PM:09:21:24/12/2022