هەولێر.. لە دوو رووداوی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت" لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە شەقامی ١٢٠ مەتری هەشت کەس بوونە قوربانی". 

فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری، لەوبەشەی دەکەوێتە نێوان رەشکین بۆ رێگای موسل ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیا بەهۆی تەواوبوونی گازەوە لەکار دەکەوێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێری کیاکە پەیوەندی بە یەکێک لە هاوڕێکانییەوە دەکات تا بەدەمییەوەبچێت و هاوکاری بکات، ئەویش دەچێت، بۆ ئەمەش بە پەتێکەوە کیاکە دەبەستێتەوە بە ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەیەوە، لەکاتێکدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئەکسێنت تێپەڕدەبێت بەهۆی ئەوەی خێراییەکەی زۆر دەبێت خۆی دەکێشێت بە کیاکەدا و لە ئەنجامدا شۆفێری کیاکە گیان لەدەستدەدات و لە ئێستاشدا چارەنووسی شۆفێری ئەکسێنتەکە نادیارە.

هەروەها فازل حاجی باسی لەوەشکردووە، هەر شەوی رابردوو بەهەمان شێوە لەسەر شەقامی ١٢٠ مەتری بەهۆی تیژڕۆی دوو ئۆتۆمبێلەوە پێکدادان لە نێوانیاندا روویداوە.

دەشڵێت" دوای رووداوەکە قەرەباڵغی دروستدەبێت و ئۆتۆمبێلێکی دیکە دێت و ئەویش خۆی بە دوو ئۆتۆمبێلەکە دەکێشێت، لە دوای ئەوەش بە چەند خولەکێک ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی کۆدەبنەوە و قەرەباڵغییەکە زیاتر دەبێت و ئۆتۆمبێلی چوارەم دێت و بەهۆی بێئاگابوونەوە خۆی دەکێشێت بە ئۆتۆمبێلەکان، لە دەرەنجامی ئەو رووداوەش حەوت کەس برینداربوون". 


PM:01:33:25/12/2022