تۆمەتبارێك بە 17 كیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركرا


هێزە ئەمنییەكانی عێراق تۆمەتبارێكیان بە 17 كیلۆ و 500 گرام ماددە هۆشبەرەوە دەستگیركردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق رایگەیاندووە، لە میانەی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دەستگیركردنی بازرگان و تۆمەتبارانی كەیسی ماددە هۆشبەرەكان تۆمەتبارێك لە پارێزگای ئەنبار بە بڕێكی زۆر لە ماددە هۆشبەرەكانەوە دەستگیركراوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، پاش كۆكردنەوەی زانیاری و بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگری لەبارەی كەسێكی تۆمەتبار لەنێو پارێزگای ئەنبار كە بازرگانی بە ماددەهۆشبەرەكانەوە كردووە، هێزەكانیان توانیویانە لە ئۆپراسۆنێكدا تۆمەتبارێك دەستگیر بكەن كە لەكاتی دەستگیركردنیدا 17 كیلۆ و 500 گرامی لە ماددەی هۆشبەری كریستاڵ پێبوە.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەشوێنی دەستبەسەركردنی ئەو تۆمەتبارە توانراوە دەست بەسەر 17 هەزار دەنكە حەپی هۆشبەردا بگیرێت، لە ئێستاشدا تۆمەتبار بە پێی ماددەی 28 ی ماددە هۆشبەرەكان راگیراوە.




PM:04:16:29/12/2022