"پەرلەمانی كوردستان لە بری 50 دانیشتن، 15 دانیشتنی كردووە"


ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایدەگەیەنێت، لەكۆتایی خولی گرێدانی پایزەدا، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (ماوەبەسەرچوو) كۆتایی خولی رانەگەیاند بەوەش "هەم پەیڕەوی پێشێلكرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند" كە هەبوو، هەروەه وتویەتی "پەرلەمانی كوردستان لە بری 50 دانیشتن، 15 دانیشتنی كردووە".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە راگەیەنراوێكدا كە وێنەی بۆ (سپی) نێردراوە رایگەیاندوە، پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی رێكخراوە، هەروەك لە ماددەی (7)یدا هاتوە كە لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە،  یەكەمیان، لە سەرەتای مانگی (ئازار/3)ەوە، دەسـت پێدەكات تـا كۆتـایی مـانگی (حوزەیران/6) و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت، دوەمیشیان، لە سەرەتای (ئەیلول/9)دا دەستپێدەكات، تا كۆتایی (كانونی یەكـەم/12) و بە (خولی پاییزە) ناودەبرێت.

پەی ئاماژەی بەوەكردوە، لەژێر رۆشنایی مادەی (51)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گرێدانەدا بەلای كەمەوە 50 دانیشتنی بكردایە، بەڵام پەرلەمان كەمتەرخەم بو و تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە.

ئینستتیوتی پەی وتویەتی "پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (7) و بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە لەكۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری راگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یان لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت، ئەمە هەم یەك لە ئەرك و دەسەلاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانەو هەم وەك نەریتێكیش لە هەمو خولەكانی پەرلەماندا پەیرەو كراوە". 

ئینستیوتی پەی روونیكردۆتەوە "لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی خولی رانەگەیاند، بەوەش هەم پەیڕەوی پێشێل كرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند كە هەبو، ئەمە لەكاتێكدا هەمان رۆژی كۆتایی خول سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی دو پەیامی پیرۆزباییان بۆ بابەتی لاوەكیی تر بەفەرمی بڵاوكردوەتەوە، بەڵام لە ئەركە فەرمییەكەی خۆیاندا كەمتەرخەم بون".




PM:03:16:02/01/2023