یەدەگی بانکی ناوەندی عێراق گەیشتە ٩٩ ملیار دۆلاری تێپەڕاند


لە کاتێکدا ماوەی سێ هەفتەیە نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار لە دابەزینێکی بەرچاودایە، بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند کە یەدەگی دۆلار گەیشتۆتە ٩٩ ملیار دۆلاری تێپەڕاند.

عامر حەمد جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " یەدەگی دۆلاری عێراق ٩٩ ملیاری تێپەڕکردووە و لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا دەگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار".

هەروەها وتیشی" بەرزبوونەوەی قەبارەی یەدەگەکان ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی لەسەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و دراوی ناوخۆییدا".
 
جێگری بانکی ناوەندی ئاماژە بۆ پلاتفۆڕمێکی تایبەت بە بازرگانی دەرەوە دەکات و دەڵێت، "ئەم پلاتفۆڕمە نوێیە تاکە رێگایە بۆ تەمویلکردنی بازرگانی دەرەکی".

جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، کارکردن لەسەر ئەم پلاتفۆرمە زیاتر لە ساڵ و نێوێکە بەردەوامە کە لە پێناو رێکخستنی پرۆسەی گواستنەوەی دارایی دەرەکی و پارەدارکردنی بازرگانی دەرەکی کراوە.

باسی لەوەش کرد، قەرزە قەواڵەییەکان بە نرخی ئاڵوگۆڕی پاڵپشتیکراو بە بڕی هەزار و ٤٦٥ دینار بۆ یەک دۆلار هەژماردەکرێن و ئەو پلاتفۆرمە دەرفەتێکە بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران و خاوەن کۆمپانیاکان هەتا لەڕێگەیەوە بتوانن پارەی کارە بازرگانی و داراییەکانیان دابین بکەن.



PM:07:21:02/01/2023